دکتۆر هەڤاڵ ئەبوبەکر پارێزگاری سلێمانییە، کەسایەتییەک کە توانا و لێهاتووییە ڕۆشنبیرییەکەی ڕەنگە بە سەر بواری سیاسی چالاکییەکانیدا زاڵ بێت. بە واتایەکی دیکە، ئەگەرچی دکتۆر هەڤاڵ ئەبوبەکر پارێزگارە و لە ماوەی بوونی لەم پۆستە باڵایەدا ئەوەی بۆی کراوە لە پێناو خزمەتکردنی خەڵک جێبەجێی کردووە، بەڵام هەموو کات وەک کەسایەتییەکی ڕۆشنبیر دەناسرێت و جێی شانازی خەڵک و کوردستان بە گشتییە.
وەک بەڕێوەبەری دەزگای میدیایی جام کوردی بۆ ڕێزگرتن لەم کەسایەتییە بەنرخە و دەستخۆشی لە ماندووبوونی دەیان ساڵەیان لە خزمەتکردن بە بواری کەلتور و ڕۆشنبیریی کوردی، سەردانی دکتۆر هەڤاڵم لە دیوانی پارێزگای سلێمانی کرد.
وەک هەمیشە بە ڕووخۆشی و بەوپەڕی ڕێزەوە، وەک چۆن کە هەموو کات بەوە ناسراوە، پێشوازی لێکردم. مایەی شانازییەکی گەورەیە کە کوردستان کەسایەتییەکی وەها تێکۆشەر و خەمخۆری خەڵکی تێدایە. دەتوانم بڵێم کە دیوانی پارێزگای سلێمانی بە بۆنەی دکتۆر هەڤاڵ ئەبوبەکرەوە بۆنی ڕەسەنایەتی و کەلتور و هونەری کوردیی لێدێت، ئەو کەلتورە دەوڵەمەندەی کە ئەگەر کەسانی وەک بەڕێزیان نەبن، ڕەنگە بە هۆی زاڵبوونی کەلتوری بێگانەوە مەترسی لاوازبوون و تەنانەت لەناوچوونی لەسەر بێت.
لە چاوپێکەوتنەکەماندا باسی پەیوەندی کەلتوری و هونەری نێوان هەرێمی کوردستان و ئێرانمان کرد، بە تایبەت لە گەڵ پارێزگا هاوسنورەکان کە خاوەنی هاوبەشییەکی زۆرن لە گەڵ هەرێمی کوردستان.
کاتێک زانیم کە دکتۆر هەڤاڵ ئەبوبەکر خاوەنی ژمارەیەکی ئێجگار زۆری کتێب و بەرهەمی ئەدەبین، پڕ بە دڵ هەستم بە بەختەوەرییەکی زۆر کرد کە کەسایەتییەکی وەها لە کورسی پارێزگاری سلێمانیدا و بەو تێڕوانینە جوانەی خۆیانەوە خزمەت بە خەڵک دەکەن.
هیوادارم کاک دکتۆر هەڤاڵ هەموو کات بۆ خزمەتکردنی زیاتر بە خەڵک و کوردستان لە تەندرووستیدا بن. هیوادارم ڕێز لە کەسایتەییەکان بگیرێت. دڵنیام کە پایتەختی ڕۆشنبیری هیچ کات کار و خزمەتەکانی ئەم کەسایەتییە لەبیر ناکات و وەک لاپەڕەیەکی زێڕین لە مێژووی سلێمانیدا دەمێنێتەوە.
ڕەزا ڕەحمەتیان
بەڕێوەبەری دەزگای میدیایی جام کوردی