بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، دکتۆر مەسعود پزیشکیان سەرۆک کۆماری ئیسلامی ئێران و ڤلادیمیر پوتین سەرۆک کۆماری ڕووسیا دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ سێ شەممە لە وتووێژێکی تەلەفوونیدا، دوایین دۆخی پەیوەندییە دووقۆڵییەکان و گۆڕانکارییە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکانیان تاوتوێ کرد.
هەر دوو سەرۆک کۆمار خۆشحاڵی خۆیان سەبارەت بە ئاستی باڵای پەیوەندی دۆستانەی نێوان کۆماری ئیسلامی ئێران و ڕووسیا دەربڕی و ڕەوتی بەرەوپێشچوونی هاوکارییەکان و پرۆژە هاوبەشەکان، بە تایبەت لە بوارەکانی دارایی و بانکی، گواستنەوە هێڵی ئاسنی و وشکانی و وزەیان بە ئەرێنی هەڵسەنگاند.
پزیشکیان و پوتین هەروەها جەختیان لە سەر ئیرادەی هاوبەش بۆ جێبەجێکردنی ڕێکەوتنی ستراتیژی لە نێوان ئێران و ڕووسیا کردەوە.
پوتین ڕایگەیاند کە ڕووسیا ئامادەیی تەواوی هەیە یارمەتی پێویست بۆ بەرەوپێشچوونی دانوستانەکانی نێوان ئێران و ئەمریکا پێشکەش بکات./.