بەپێی ڕاپۆرتی جام کوردی، دادگای فیدراڵی عێراق بڵاوی کردەوە؛ سکاڵایەکی هەر پێنج پەرلەمانتار (محەمەد جاسم خەفاجی، حەیدەر محەمەد کازم مەتێری، باسم خزێر کازم زیارە ئەلغەرابی، مستەفا خەلیل نەسیف گەرعاوی، نفوز حسێن محەمەد موسەوی) تۆمارکراوە لەسەر سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و هەردوو جێگرەکەی لەسەر دەنگدان بە پڕۆژە یاسای بە پارێزگا بوونی هەڵەبجە و داوایان کردووە کە فەرمانێکی سالاریی بەپەلە دەربکرێت بۆر راگرتنی رێکارەکانی بە پارێزگابوونی هەڵەبجە و هێناکایەی ئەو پارێزگایە، تا ئەوکاتەی سکاڵاکەیان لە دادگای فیدراڵی لەسەر ئەو پرۆسەیە یەکلایی دەکرێتەوە.
لەبەرامبەردا، دادگای فیدراڵی رەتیکردوەتەوە ئەو فەرمانە سالارییە دەربکات و رێکارەکانی دەرچوونی یاسای بە پارێزگابوونی هەڵەبجە رابگرێت.
لە سکاڵای ئەو پێنج پەرلەمانتارەدا هاتووە، کە پرۆسەی دەنگدانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بە پرۆژە یاسای بە پارێزگابوونی هەڵەبجە نا دەستوریی و نایاسایی بووە و لەکاتی بەڕێوەچوونی دەنگدانە رێژەی یاسایی و نیساب تەواو نەبووە.
رۆژی 14ـی نیسانی 2025، ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بە زۆرینەی دەنگ پڕۆژە یاسای بە پارێزگابوونی هەڵەبجەی پەسەند کرد، دواتر لە مەراسیمێکدا لە کۆشکی بەغداد بە ئامادەبوونی ژمارەیەک پەرلەمانتارو پارێزگاری هەڵەبجە ونوێنەرانی رێکخراوەکانی کیمیاباران و قوربانیان و کەسوکاری قوربانیانی کیمیابارانی هەڵەبجە، سەرۆک کۆماری عێراق لە 29ـی نیسانی 2025 بە فەرمی یاساکەی ئیمزا کرد.
رۆژی 5ـی ئایاری 2025 یاسای بە پارێزگابوونی هەڵەبجە لە ژمارە 4824ـی رۆژنامەی وەقائیعی عێراقی بڵاوکرایەوە و یاساکە بە فەرمی کەوتە بواری جێبەجێکردنەوە و هەڵەبجە بوو بە 19ـەمین پارێزگای عێراق و چوارەمین پارێزگای هەرێمی کوردستان.