بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، کارلۆ ئەنچیلۆتی وەک ڕاهێنەری هەڵبژاردەی بەرازیل دەستنیشان کراوە و لە 26ی ئایارەوە دەست بە کارەکەی دەکات. ئەم ڕاهێنەرە ئیتاڵییە تەمەن 65 ساڵە دوای دوایین یاری ڕیال مەدرید بەرامبەر ڕیال سۆسیداد لە وەرزی ئێستای لالیگا تیپەکەی جێدەهێڵێت.
میدیا وەرزشییەکان ئەوەیان پشتڕاستکردووە کە ڕێکەوتن لەگەڵ ئەنچیلۆتی ئەنجامدراوە و گرێبەستەکانیش واژۆکراوە بۆ ئەوەی ببێتە یەکەم ڕاهێنەری بیانی هەڵبژاردەی بەرازیل. ئەنچیلۆتی ساڵێک لە گرێبەستەکەی ماوە لەگەڵ ڕیال مەدرید، بەڵام دوای دانوستانێکی دۆستانە ئەو گرێبەستە کۆتایی پێهات.
ئەنچیلۆتی کە یەکێکە لە سەرکەوتوترین ڕاهێنەرەکان لە مێژووی تۆپی پێدا، بڕیارە ڕاهێنەرایەتی بەرازیل بکات لە یارییەکانی مۆندیالی 2026، بە ئامانجی بەدەستهێنانی شەشەم پاڵەوانێتی مێژوویی هەڵبژاردەکە لە مۆندیالدا، کە لە ئەمریکا، کەنەدا و مەکسیک بەڕێوەدەچێت. ئەنچیلۆتی لە ساڵی 2021 گەڕایەوە بۆ ڕیال مەدرید و لە ماوەی دوو خول لەم یانەیەدا دوو نازناوی لالیگا و سێ نازناوی چامپیۆنزلیگی بردووەتەوە./.