بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، تێکڕای هاوردەی نەوتی خاوی ئەمریکا لە 10 وڵاتی سەرەکی لە هەفتەی ڕابردوودا گەیشتە 5 ملیۆن و 269 هەزار بەرمیلی ڕۆژانە کە بەراورد بە هەفتەی پێشووتری، ڕۆژانە 176 هەزار بەرمیل بەرزبوونەوەی هەبووە، لە کاتێکدا کە تێکڕای هاوردەی هەفتەی پێشووتری 5 ملیۆن و 93 هەزار بەرمیل بووە.
هەناردەی نەوتی عێراق بۆ ئەمریکا لە ماوەی هەفتەی ڕابردوودا بە تێکڕای ڕۆژانە 229 هەزار بەرمیل بووە کە ئەم وڵاتەی خستووەتە پلەی سێهەمی گەورەترین هەناردەکارانی نەوت بۆ ئەمریکا لە هەمان هەفتەدا.
کەنەدا بە 3 ملیۆن و 834 هەزار بەرمیلی ڕۆژانە لە پلەی یەکەمی وڵاتانی هەناردەکاری نەوت بۆ ئەمریکا بووە و پاش ئەوەش مەکزیک بە 384 هەزار بەرمیل و عێراق بە 229 هەزار بەرمیل ناویان لە پلەکانی دووەم و سێهەمدا هاتووە.
کۆڵۆمبیا بە 164 هەزار بەرمیلی ڕۆژانە و سعوودیە بە 160 هەزار بەرمیل لە پلەکانی چوارەم و پێنجەمدا ناویان تۆمار کراوە.
بە پێی ڕاپۆرتی فەرمانگەی ڕاگەیاندنی وزەی ئەمریکا، ئیکوادۆر بە تێکڕای ڕۆژانەی هەفتەی ڕابردوو 156 هەزار بەرمیل، ڤەنزوێلا 144 هەزار بەرمیل، بەرازیل 86 هەزار بەرمیل، نایجڕیا 83 هەزار بەرمیل و لیبیا 29 هەزار بەرمیل نەوتیان هەناردەی وڵاتە کردووە./.