بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ڕافائێل گەروسی لە چاوپێکەوتنی میدیایەکی ئەرجەنتینی وتی: هیچ کێشەیەک لە بەردەم چاودێرییەکانی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ناوەکی لە دامەزراوەکانی ئێراندا نییە و ئەوەی کە تەنیا لە ئێراندایە ئێمەین.
ناوبراو وتی: بوونی چاودێرییەکان بە هۆی ئەوەیە کە ئێران ئەندامی پەیماننامەی ڕێگری لە پەرەپێدانی چەکە کۆمەڵکوژەکانە و تێیدا بڕیار دراوە کە هەر وڵاتێک چالاکی ناوەکیی هەیە، دەبێت سەبارەت بە چاودێری ئاشکرا ڕێکەوتنی لە گەڵ ئاژانسدا هەبێت.
بەڕێوەبەری گشتی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ناوەکی وتی: بە تەواوی لەو بڕوایەدام کە دەبێت ماندوونەناسانە بۆ گەیشتن بە ڕێکەوتن هەوڵ بدەین و ئەمەش دەکرێت و پێویستە پشتیوانی لە ستیو ڤیتکاف نێردەی ئەمریکا لەم بوارەدا بکەین.
ڕافائێل گەروسی وتی: بە بڕوای من ئەگەر بتوانین ترسی گەیشتنی ئێران بە چەکی ناوەکی چارەسەر بکەین، هەنگاوێکی زۆر گەورەمان لە پێناو جێگیرکردنی ئاسایش و سەقامگیری لە ناوچەی ڕۆژئاوای ئاسیا هەڵگرتووە کە تا ئێستا ئازاری زۆری بەرکەوتووە./.