بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆک کۆماری ئەمریکا لە میانەی کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، بڕیاری گۆڕینی ناوی فەرمی ” کەنداوی فارس ” ی بۆ ” کەنداوی عەرەبی ” یان ” کەنداوی سعوودیە ” دواخستووە بۆ گەشتەکەی بۆ وڵاتانی سعودیە و قەتەر و ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی.
کاربەدەستانی ئێران لەوانەش سەید عەباس عێراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران کاردانەوەیان بەرامبەر بەو قسانە پیشاندا و بە توندی ئیدانەیان کرد و بە پیشاندەری دوژمنایەتی و بێڕێزیکردن بە مێژوو و ناسنامەی نەتەوەیی ئێران ناویان برد. عێراقچی هۆشداریدا کە هەنگاوێکی لەو شێوەیە دەتوانێت لێکەوتەی جیدی بۆ پەیوەندییە دووقۆڵییەکان هەبێت.
ئەم هەڵوێستە بووە هۆی سەرهەڵدانی یەکگرتووییەکی ناوخۆیی لە ئێران لە بەرامبەر هەڕەشە شوناسە. ئەمەش بووەتە هۆی ئەوەی کە تەنانەت سەرکردەکانی ئۆپۆزسیۆنی ئێرانی لە دەرەوەی وڵات، بە هەوڵێک بۆ سڕینەوەی مێژوو ناوی ببەن.
ناونانی ئەم ڕێڕەوە ئاوییە بە کەنداوی فارس پاشخانێکی مێژوویی بەرچاوی هەیە. ناوی ” کەنداوی فارس ” ڕەگ و ڕیشەی مێژوویی هەیە و لە بەڵگەنامە و نەخشە نێودەوڵەتییەکاندا وەک ناوی فەرمی ناسراوە. بەڵام هەندێک لە وڵاتانی عەرەبی دەیان ساڵە هەوڵی گۆڕینی ناوی ” کەنداوەکانی عەرەبی ” دەدەن. ئەم پراکتیزەیە لە سەردەمی جەمال عەبدولناسر ڕێبەری ناسیۆنالیستی میسری دەستی پێکرد.
هەڵوێستە سەرسەختەکانی ئێرانییەکان بووە هۆی ئەوەی کە هەڵوێستەکانی ترەمپ لە بەرامبەر ئەم گوشارانەدا تا ڕادەیەک سارد ببێتەوە. لە بەرامبەر کاردانەوە توندەکانی ئێران، ترەمپ ڕایگەیاند کە نایەوێت هەستی کەس ئازار بدات و بڕیاری کۆتایی لە سەفەرەکەیدا دەدات.
زۆر کەس ئەو پرسیارەیان وروژاندووە کە ئەم هەڵوێستە چ کاریگەرییەکی ئەگەری لە سەر دانوستانە ناڕاستەوخۆ ئەتۆمییە بەردەوامەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران دەبێت. واقیعەکە ئەوەیە کە ئەم گرژییە نوێیە دەتوانێت کاریگەری لە سەر دانوستانە ئەتۆمییەکانی ئەم دواییە لە نێوان ئێران و ئەمریکادا هەبێت و کەشوهەوای بێمتمانەیی توندتر بکاتەوە.
لە لایەکی دیکەوە کاردانەوە ناوخۆییەکانی ئەمریکاش بەرچاو بوون. لە ناوخۆی ئەمەریکادا کاردانەوەکان بەرامبەر ئەم بابەتە جیاواز بوون. هەندێک لە سیاسەتمەداران پشتیوانی ئەم ناوگۆڕینەیان کردووە کە پێدەچێت زیاتر ڕقێکی شەخسی بێت و زیاتر هەوڵێک بێت بۆ توڕەکردنی ئێرانییەکان. لە کاتێکدا هەندێکیتر بە هەنگاوێکی ناپێویست و سەرقاڵکردن لە بابەتی گرنگتریان زانیوە.
ترەمپ مێژوویەکی لەم جۆرە هەڵسووکەوتەی هەیە و پێشتریش کردەوەی هاوشێوەی ئەنجامداوە. بە واتایەکی تر ئەمە یەکەمجار نییە کە ترەمپ هەوڵی گۆڕینی ناوە جوگرافییەکان دەدات. پێشتر هەوڵیدا ناوی ” کەنداوەی مەکسیک ” بگۆڕێت بۆ ” کەنداوەکانی ئەمریکا “، ئەمەش کاردانەوەی نەرێنی لێکەوتەوە. تا ئەو ڕادەیەی کە حکومەتی مەکسیک سزای گووگڵی دا لە سەر ئەم کارە.
کەنداوی فارس ڕێڕەوێکی ئاوییە کە گرنگییەکی جیهانیی هەیە. کەنداوی فارس ناوچەیەکی گرنگی ستراتژیکی بەرزە و ڕۆڵێکی گرنگی هەیە لە دابینکردنی وزە بۆ جیهان. هەر گرژییەک لەم ناوچەیەدا دەتوانێت کاریگەری بەرفراوانی لە سەر بازاڕە جیهانییەکان هەبێت. بۆیە هەر هەڵوێستێکی سیاسی لە داڕشتنی سیاسەتی ناوچەییدا دەبێت بە وریاییەوە وەربگیرێت. بە لەبەرچاوگرتنی هەستیارییە مێژوویی و کەلتوورییەکانی ناوچەکە، بڕیاردانی بەپەلە دەتوانێت ببێتە هۆی زیادبوونی گرژی و ناسەقامگیری و دەکرێت لێکەوتەی جیدی لێبکەوێتەوە.
بە گشتی لێدوانەکانی دۆناڵد ترەمپ سەبارەت بە ئەگەری گۆڕینی ناوی کەنداوی فارس کاردانەوەی توند و بەربڵاوی ئێران و ئەکتەرە ناوچەییەکانی دیکەی لێکەوتەوە، کە تەنانەت کۆشکی سپی دەتوانێت هەست بە پانتایی ئەو کاردانەوە بکات. ئەم پرسە دەتوانێت کاریگەری لە سەر پرۆسەی دانوستانە ئەتۆمییەکان و سەقامگیری ناوچەکە هەبێت و دەکرێت لێکەوتەی پێشبینینەکراوی هەبێت.
سەرچاوە: ئەلمۆنیتۆر