بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، پارتی کرێکارانی کوردستان بڕیاری چەکدانان و خۆهەڵوەشانەوەی دا و ڕایگەیاند کە کۆتایی بە هەموو ئەو کارانە هاتووە کە بە ناوی پەکەکەوە دەکران.
پەکەکە ئەنجامی بەڕێوەچوونی کۆنگرەی 12 ی ڕاگەیاند کە بە بەشداری 232 ئەندام بووە و کۆتایی بە چالاکی سەربازی و چەکداری هێناوە.
لە بەیاننامەیەکی پەکەکەدا هاتووە کە ” گەلەکەمان هۆشیارانە خاوەندارێتی لە پرۆسەی ئاشتی دەکات و لە بڕیاری هەڵوەشاندنەوە و کۆتاییهێنان بە خەباتی چەکداری باشتر تێدەگەن “.
پەکەکە ڕایگەیاند کە ” پرسی کوردمان بە ڕێگای دیمۆکراتیک هێناوەتە خاڵی چارەسەری و ڕۆڵی مێژووییمان هەبووە، بۆ بەڕێوەبردنی پرۆسەکە لە لایەن ڕێبەر ئاپۆوە بڕیاری هەڵوەشاندنەوە و کۆتاییهێنان بە تێکۆشانی چەکداری دراوە “.
لە بەیاننامەکەی پەکەکەدا هاتووە کە ” کۆنگرەکەمان سەرەڕای بارودۆخی دژوار کە شەڕ و پێکدادان بەردەوام بوون، هێرشەکان لە ئاسمان و زەوییەوە درێژەیان هەبوو، گەمارۆی سەر ناوچەکانمان و ئابڵوقەی پارتی دیمۆکراتی کوردستان بەردەوام بوو، بە شێوەیەکی پارێزراو بەڕێوەچوو. لە بەر هۆکاری ئەمنی، هاوکات لە دوو ناوچەی جیاواز بەڕێوەبرا. کۆنگرەی ١٢ ی پەکەکە کە بە بەشداری ٢٣٢ نوێنەر بەڕێوەچوو، بابەتەکانی ڕێبەرایەتی، شەهیدان، بریندارەکان، بوونی ڕێکخراوەیی پەکەکە و شێوازی خەباتی چەکداری لە گەڵ بنیاتنانی کۆمەڵگەی دیمۆکراتی گفتوگۆ کرد و بڕیاری مێژوویی وەرگرت کە دەستپێکی قۆناغێکی نوێیە بۆ بزووتنەوەی ئازادیمان “.
پەکەکە هەروەها ڕایگەیاندووە کە ” بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی پەکەکە و کۆتاییهێنان بە شێوازی خەباتی چەکداری کە کۆنگرەکەمان وەریگرتووە، زەمینەیەکی بەهێز پێشکەش دەکات بۆ ئاشتی بەردەوام و چارەسەری دیمۆکراتی. جێبەجێکردنی بڕیارەکانی باسکراو، پێویستی بە بەڕێوەبردن و ئاراستەکردنی پرۆسەکە لە لایەن ڕێبەر ئاپۆوە، ناسینی مافی سیاسەتی دیمۆکراتی و دەستەبەری یاسایی تەواو و پتەو هەیە. لەم قۆناغەدا گرنگە کە پەرلەمانی گەورەی نەتەوەیی تورکیا بە لێپرسراوێتی مێژوویی ڕۆڵی خۆی ببینێت. بە هەمان شێوە بانگەوازی هەموو پارتە سیاسییەکانی ناو پەرلەمان، بەتایبەت حکومەت و پارتی سەرەکی ئۆپۆزسیۆن، ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی، کۆمەڵەکانی ئایین و باوەڕی، دەزگاکانی میدیای دیمۆکراتی، ڕێبەرانی بیروڕا، ڕووناکبیران، ئەکادیمیستەکان، هونەرمەندان، سەندیکاکانی کرێکاران – ڕەنجدەران، ڕێکخراوەکانی ژنان – گەنجان، بزووتنەوە ئیکۆلۆژیستەکان دەکەین کە لێپرسراوێتی هەڵبگرن و بەشداری پرۆسەی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیمۆکراتی بن “./.