دۆناڵد ترەمپ سەرۆک کۆماری ئەمریکا کە بە بۆچوونی شارەزایان تووشی جۆرێک لە سەرلێشێواویی سیاسی بووەتەوە و نازانێت سیاسەتی خۆی چۆن دابڕێژێت و جێبەجێی بکات، بۆ دۆشینی وڵاتانی عەرەبی بە تایبەت سعوودیە، ئەمجارەش پیلانێکی نوێی ڕاگەیاندووە کە ڕەنگە ناوی کەنداوی فارس بۆ کەنداوی عەرەبی یان کەنداوی سعوودیە بگۆڕێت.
زۆرن ئەو پیلانانەی کە سەرۆک کۆماری ئەمریکا بانگەشەی جێبەجێکردنی دەکرد و هەر بە مردوویی لەدایک بوون و قەد نەچوونە بواری جێبەجێکردنەوە و نەک تەنیا بۆ دۆناڵد ترەمپ شکستێکی گەورە بوون، بەڵکوو ناوبانگی ئەمریکاشی تووشی شکستێکی گەورە کردووەتەوە.
لێدوانە شێتانەکەی ترەمپ بووەتە هۆی یەکگرتوویی ئێرانییەکان و بە هیچ جۆرێک لە دامەزراوە نێودەوڵەتییەکاندا قبووڵکراو نییە. بە واتایەکی دیکە، چۆن دەبێت ناوێکی مێژوویی بە بڕیاری سەرۆک کۆماری وڵاتێک لەناو ببرێت و بە ئاسانی بگۆڕدرێت.
کەنداوی فارس ناوی مێژوویی ناوچەیەکە کە بە فەرمی دانیپێدا نراوە و هەوڵەکانی ترەمپ بۆ گۆڕینی ئەم ناوە نەک تەنیا سەرکەوتوو نابێت بەڵکوو بووەتە هۆکاری یەکگرتوویی زیاتری ئێرانییەکان.
زۆربەی کەسایەتی و بەرپرسانی ئێرانی کاردانەوەیان لە بەرامبەر لێدوانەکەی دۆناڵد ترەمپدا هەبووە و بەرگرییان لە ناوی کەنداوی فارس وەک بەشێک لە ناسنامەی مێژوویی و کەلتوری خۆیان کردووە. ئەم پێشهاتەش دەریدەخات کە ناسنامە و پرسە مێژووییەکان هێشتا دەتوانن ببنە خاڵێکی هەستیار لە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکاندا.
ئەم لێدوانەی ترەمپ کاریگەریی نابێت و لە گۆڕەپانی جیهانیدا شکست دەهێنێت و ڕەنگە ببێتە هۆی ئاڵۆزی لە پەیوەندی نێوان ئێران و وڵاتانی ناوچەکەدا.
ڕاستییەکە ئەوەیە کە ناوی کەنداوی فارس نەک تەنیا ناگۆڕدرێت، بەڵکوو بووەتە هێمای مێژوو و خۆڕاگریی ئێرانییەکان./.