بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ڕافینیا بێ گومان یەکێکە لە ئەستێرەکانی ئەم وەرزەی بەرشەلۆنە. ئەم هێرشبەرە بەرازیلییە لە بەرزترین ئاستی خۆیدایە و یانەی بەرشەلۆنەی گەیاندە لێواری بردنەوەی لالیگا. جگە لەوەش ڕۆڵی سەرەکی هەبوو لە بردنەوەی جامی شای ئیسپانیا و جامی سوپەری ئیسپانیا بە بردنەوەی بەرامبەر ڕیال مەدرید.
ڕافینیا لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ میدیا وەرزشییەکان سەبارەت بە تۆپی زێڕین ڕایگەیاند: من بیر لە تۆپی زێڕین ناکەمەوە. ئەوە ئامانجێک نییە کە من بۆ خۆم دیاری کردبێت. بەڵام ئەگەر وەریبگرم، ئەوە بەهۆی ئەو هەوڵانەیە کە بۆ یانەکە و هەڵبژاردەکەم کردوومە. ئامانجی من ئەوەیە لەگەڵ تیپەکەم ببم بە پاڵەوان. خەڵاتەکانی تاکەکەسی دواتر دێن و ئەگەر نەهاتن کێشە نییە.
هەروەها ڕافینیا سەبارەت بە قسەکانی لەگەڵ نەیمار وتیشی: قسەی زۆر لەسەر گەڕانەوەی نەیمار بۆ بەرشەلۆنە کراوە. پێم گوت: بگەڕێوە بۆ بەرشەلۆنە، تۆ دەزانی ئەم یانە تۆی خۆشدەوێت، هاندەران تۆیان خۆشدەوێت، هەمووان دەیانەوێت بگەڕێیتەوە. بەڵام لە کۆتاییدا بڕیارەکە لە دەستی من و ئەو نەبوو./.