بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، میدیا عەرەبییەکان سەردانەکەی ترەمپیان بۆ ناوچەکە (سعوودیە، قەتەر و ئیمارات) بە سەردانێکی مێژوویی ناو بردووە و بانگەشەیەکی بێ وێنە و زیادڕۆیانەیان لەم بوارەدا هەبووە.
خاڵی یەکەم سەبارەت بەو مشتومڕە میدیاییەی کە پێشتر باسمان کرد، ئەوەیە کە سەردانەکەی ترەمپ بۆ ڕیاز یەکەم سەردانی نییە. هەروەها ترەمپ یەکەم سەرۆکی ئەمریکا نییە کە سەردانی پایتەختی سعوودیە بکات. کەواتە پێویستی ئەم هەموو جەنجاڵە میدیاییە چییە؟
خاڵی دووەم زیادەڕەویکردنە لە وەسفکردنی ” توندی پەیوەندییەکان “ی نێوان ترەمپ و هاوپەیمانە ستراتیژییەکەی، بنیامین نتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ڕژێمی داگیرکەری زایۆنیستی. هاوکات لەم ڕۆژانەدا شاهیدی ئازادکردنی ” ئایدان ئەلێکساندەر” ین، کە زیندانییەکی زایۆنیستی – ئەمریکییە و هیچ بەهایەکی سیاسی و سەربازیی نییە. پرسیارەکە ئەوەیە، بەڕاستی ئەم ” پەیوەندییەی نێوان ترەمپ و نتانیاهۆ ” لە کوێی چیرۆکەکەدا جێی دەبێتەوە؟
نەک هەر پەیوەندییەکانی نێوان ئەو دووانە نەوەستاون، بەڵکوو گەشتی داهاتووی ترەمپ بۆ تەلئەبیب نزیکە لە دڵنیابوون، چونکە ئەوە سەرکردەکانی ” ڕژێمی زایۆنیستی “ن کە ئەمریکا بەڕێوەدەبەن، نەک بە پێچەوانەوە.
ترەمپ سەردانی ئەم ناوچەیە دەکات بۆ ئەوەی بتوانێت تاڵان و داڕمانی ئابوری وڵاتەکەی بوەستێنێت. قەرزی واشنتن زیاتر لە 42 ترلیۆن دۆلارە و تەنیا ناوچەی کەنداوی فارس دەتوانێت ببێتە هۆی ئەوەی ترەمپ بتوانێت بەم ئامانجە بگات نەک هاوپەیمانە ئەورووپیەکانی!
لە لایەکی دیکەوە، ” ڕژێمی زایۆنیستی ” تەنیا ملیارەها دۆلار لە ئەمریکا وەردەگرێت و هیچ کات نایداتەوە، وەک ئەوەی جیهان چەندین جار شایەتحاڵی بووە، ڕژێمی زایۆنیستی فڕۆکەی بۆمب هاوێژی زەبەلاح و تەکنۆلۆژیای سەربازی و پاراستن و مووشەکی لە ئەمریکا وەرگرت و بەکاریان هێنا بۆ بە ئامانجگرتنی کەرتی غەززە و کەرتی خۆرئاوا، هەروەها هێرشی کردە سەر یەمەن. بۆیە هیچ هۆکارێکی درووست نەبوو بۆ دواخستنی گەشتەکەی ترەمپ بۆ ناوچەکە و بەتایبەتی سعوودیە؛ دەبوو بە زووترین کات ئەو ئامانجانەی کە ئاماژەمان پێکرا بەدی بکرایە.
لە کاتێکدا ئەگەر ترەمپ فەرمانی بە نتانیاهۆ بکردایە دەستبەجێ شەڕی جینۆساید لە کەرتی غەززە ڕابگرێت یان هەڕەشەی بەکارهێنانی هێزی لێبکردایە ئەگەر ئەم داوایە ڕەت بکاتەوە، ئەم کۆبوونەوەیە دەکرا ” مێژوویی ” بێت، وەک ئەوەی ئایزنهاوەر سەرۆکی پێشووی ئەمریکا لە ساڵی ١٩٥٦ لە کاتی لەشکرکێشی سێ لایەنەی میسردا کردی.
هیوادارین ترەمپ تەنانەت بە یەک دۆلارەوە نەگەڕێتەوە واشنتن تا ئەو کاتەی گەرەنتی وەستانی شەڕی وێرانکەری غەززە و کەرتی خۆرئاوا و لوبنان و یەمەن نەکات و بە ئاشکرا دەستبەرداری سیاسەتی ” ئاوارەکردنی زۆرەملێ “ی فەڵەستینییەکان نەبێت./.