بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ئیسماعیل قائانی فەرماندەی هێزی قودسی سوپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامی ئێران ئەمڕۆ چوارشەممە لە شاری بەغدا لە گەڵ قاسم ئەعرەجی ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق کۆبووە.
هەر دوو لا لەو کۆبوونەوەدا ڕێگاکانی پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی ئێران و عێراق و هەوڵی هاوبەش بۆ دابینکردنی ئاسایشی سنورەکان و جێبەجێکردنی بڕگەکانی ڕێکەوتنی ئەمنی هەر دوو وڵاتیان تاوتوێ کرد.
قائانی و ئەعرەجی جەختیان لە سەر گرنگی سەرکەوتنی دانوستانەکانی نێوان تاران و واشنتن و پابەندی هەمووان بە وتووێژ و ئارامی لە پێناو سەقامگیری بەردەوام لە ناوچەکە کردەوە./.