بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، عەلی شەمخانی لە چاوپێکەوتنی کەناڵی NBC نیوز ڕایگەیاند کە ئێران ئامادەیە لە بەرامبەر هەڵگرتنی سەرجەم سزا و گەمارۆ ئابورییەکان، ڕێکەوتنی ناوەکی لە گەڵ دۆناڵد ترەمپ سەرۆک کۆماری ئەمریکا واژۆ بکات.
ناوبراو وتی: ئێران بەڵێن دەدات کە هیچ کات بەرەو بەرهەمهێنانی چەکی ناوەکی هەنگاو نەنێت و پیتاندنی یورانیۆم بە ڕێژەی زۆر بەلاوە بنێت و پیتاندنی یورانیۆم تەنیا بۆ کاروباری ناسەربازی لە ئاستی ناوخۆییدا بەکار بێنێت و هەروەها موڵەتی ئەوەش بە چاودێران و پشکنەرانی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ناوەکی بدات چاودێری کاروباری ناوەکی بکەن.
شەمخانی وتی: ئەگەر ئەمریکییەکان بە پێی لێدوانەکانیان کرداریان هەبێت بە دڵنیاییەوە دەتوانین پەیوەندییەکی باشترمان هەبێت و ئەمەش دەتوانێت بگاتە هەلومەرجێکی باشتر لە داهاتوودا.
ڕاوێژکاری ڕێبەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامی ئێران وتی: ڕژێمی زایۆنیستی دەیەوێت لە بەردەم ڕێکەوتنی ئێران و ئەمریکادا بەربەست بخوڵقێنێت و ئەگەر ئەمریکییەکان ڕێگری لە نتانیاهۆ بکەن بە ئاسانی دەتوانن ڕێکەوتن واژۆ بکەن./.