بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، سەید عەباس عێراقچی سەبارەت بە دانوستانەکانی ناڕاستەوخۆی نێوان تاران و واشنتن وتی: دانوستان کاتێک دەکرێت کە ڕێگاکانی دیکە جێبەجێ نەکرێت یان تێچوویەکی زۆریان هەبێت. دانوستان لە سەر بنەمای دان و ستاندنە و ئەگەر کەسێک وا دەزانێت کە هەموو شتێک وەردەگرێت و هیچ شتێک نادات، قەد ناکرێت و ئەگەر وڵاتێک ئەو هێزەی هەبێت لە ڕاستیدا دانوستان ناکات.
ناوبراو لە میانەی بەسەرکردنەوەی پێشانگای نێودەوڵەتی کتێبی تاران وتی: لایەنی بەرامبەر ئەگەر توانای لەناوبردنی دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێرانی هەبوو، پێویستی بە دانوستان نەدەبوو، هێزە چەکدارەکان و توانای مووشەکیی ئێران وایکردووە کە لایەنی بەرامبەر مێزی دانوستان هەڵبژێرێت.
وەزیری دەرەوەی ئێران وتی: ڕاستە کە سزا و گەمارۆکان خەڵکی ئێمەی ئازار داوە بەڵام هیچ کات ئەوانی پاشگەز نەکردووەتەوە، ئەگەر ئەمریکا دەیزانی کە تا شەش مانگی دیکەش لەم ڕێگایەوە بە ئامانجەکانی دەگات، دانوستانی نەدەکرد.
عێراقچی وتی: بەرگری لە مافەکانی گەلی ئێران بە تایبەت پیتاندنی یورانیۆم وەک بنەمایەکی سەرەکی لە دانوستانەکاندا ڕەچاو دەکرێت و بە هیچ شێوازێک واز لەو مافانە ناهێنین، ڕەنگە سەبارەت بەم پرۆسەیە شەفاف بین بەڵام هیچ دامەزراوەیەکی ئەتۆمی کۆناکرێتەوە./.