بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، لە زستانی 2023، ڕۆناڵدۆ دوای ناکۆکی لەگەڵ ئێریک تن هاگ لە مانچستەر یۆنایتد پەیوەندی بە یانەی نەسرەوە لە خولی سعوودیە کرد. ئامادەبوونی ئەم ئەستێرە پورتوگالییە بووە هۆی ئەوەی لە هاوینی داهاتوودا شەپۆلێک لە یاریزانە گەورەکانی تۆپی پێی جیهان بچنە خولی سعوودیە.
لەوکاتەی ڕۆناڵدۆ پەیوەندی بە یانەی نەسرەوە کردووە، یانەکە نەیتوانیوە یەک نازناوی فەرمی بەدەست بهێنێت و لە دوو وەرزی ڕابردوودا لە پێشبڕکێی بەدەستهێنانی نازناوی خولی سعوودیە دواکەوتووە. هەروەها نەیانتوانی بگەنە قۆناغی کۆتایی خولی ئاسیا. تاکە نازناوێک کە نەسر توانی بە ئامادەبوونی ڕۆناڵدۆ بەدەستی بهێنێت، پاڵەوانێتی جامی یانە عەرەبییەکان بوو لە ساڵی 2023 کە بە پاڵەوانێتییەکی نافەرمی دادەنرێت.
ئەم کێشەیە وایکردووە کۆمەڵێک لە هاندەرانی ئەم یانەیە هەڵوێستێکی نەرێنی بەرامبەر یاریزانی پێشووی ڕیال مەدرید بگرنە بەر. زۆرێک لە هاندەران لەسەر تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس سەبارەت بە ڕۆناڵدۆ نووسیویانە: ئێمە نامانەوێت تۆ لە پێکهاتەی یاری داهاتوودا ئامادە بیت. تکایە بڕۆ، نەسر چیتر تۆی ناوێت./.