بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، دکتۆر مەسعود پزیشکیان لە میانەی سەردانەکەیدا بۆ کرماشان، سەبارەت بە لێدوانەکانی دۆناڵد ترەمپ سەرۆک کۆماری ئەمریکا لە سعوودیە، وتی: دوێنێ ترەمپ لێدوانێکی هەبوو کە پیشان دەدات هێشتا لە ڕاستییەکانی گەلی ئێران تێنەگەیشتووە، جوانمێری، لێبوردەیی و ئازایەتی ئەم گەلە ناناسێت.
ناوبراو ڕەخنەی لە لێدوانەکانی ترەمپ گرت و وتی: چۆن ئێمە بە هۆکاری ئاڵۆزی لە ناوچەکە تۆمەتبار دەکەن، لە کاتێکدا کە زیاتر لە 60 هەزار ژن و منداڵیان لە غەززەدا بە بۆردومان شەهید کردووە و ڕێگرییان لە گەیاندنی ئاو و خۆراک و دەرمان بۆ ئەم خەڵکە کردووە؟ ئەرێ بە ڕاست کێ هۆکاری هەڕەشەیە؟
سەرۆک کۆماری ئیسلامی ئێران وتی: ئەوان دەڵێن بۆمب و فڕۆکەی وەهایان هەیە کە بە خەیاڵدا نایەت، ئەمە چ پەیامێکی هەیە؟ کێ شەڕخوازە؟ ئەوەی کە چەک بە وڵاتانی ناوچەکە دەفرۆشێت یان ئەوەی بەرگری لە خۆی دەکات؟
پزیشکیان وتی: کاتێک وەها لێدوان دەدرێت کە ئێران کێشەی هەیە، دەبێت پرسیاری ئەوە بکرێت کە کێشەکە لە کوێدایە؟ لە وڵاتێکدا کە قوربانیی سزا و تیرۆریزمی ئابورییە، یان لەو سیاسەتانەی کە پەرە بە شەڕ و وێرانی دەدەن؟/.