بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ئامادەبوونی چابی ئەلۆنسۆ لە ڕیال مەدرید بۆ جێگرتنەوەی کارلۆ ئەنچیلۆتی دڵنیا دیارە، باڵام ئەم ڕاهێنەرە بەنیازە گۆڕانکاری لەم تیپەدا ئەنجامبدات، بەتایبەت لە هێلی بەرگریدا.
فابریزیۆ ڕۆمانۆ ڕۆژنامەنووسی بەناوبانگی ئیتاڵی و شارەزای گۆڕانکاری تۆپی پێی ئەوروپا ڕایگەیاندووە: یانەی ڕیال مەدرید نزیک بۆتەوە لە گرێبەستکردن لەگەڵ دیان هۆیسنی تەمەن 20 ساڵ لە بۆرنمۆسەوە و ڕێکەوتنێک لەنێوان هەردوو یانەدا بۆ گواستنەوەی ئەم بەرگریکارە ئیسپانییە ئەنجامدراوە.
میدیا وەرزشییەکانی ئیسپانیاش ڕایانگەیاندووە کە پشتڕاستکردنەوەی کڕینی دیان هۆیسن لەلایەن ڕیال مەدریدەوە چابی ئەلۆنسۆی دڵخۆش کردووە. ئەم ڕاهێنەرە ئیسپانیە پەیوەندی بەم بەرگریکارە گەنجەوە کردووە و پێی ڕاگەیاندووە کە ئەو بۆ پڕۆژەکەی مەبەستی ڕۆڵێکی زۆر گرنگی هەیە./.