بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، شەوی ڕابردوو یانەی بەرشەلۆنە لەهەفتەی سی و شەشەمی لالیگا بەرامبەر ئیسپانیۆل یاریی کرد و توانی بە دوو گۆڵ ڕکابەرەکەی بباتەوە و پاڵەوانێتییەکەی لە لالیگادا مسۆگەر بکات. ئەمەش وایکردووە شەپۆلێکی پیرۆزبایی ئاراستەی ئەم یانەیە بکرێت و تەنانەت ڕیال مەدریدیش وەک ڕکابەری کۆنی ئەم یانەیە بەخێرایی پەیامێکی پیرۆزبایی بۆ بەرشەلونە ناردووە.
بەڵام پیرۆزبایییەکی دیکە کە سەرنجی زۆرێک لە هاندەرانی بەرشەلۆنەی ڕاکێشا پەیوەندی بە مێسی هەبوو. ئەم ئەستێرە ئەرجەنتینە کە تا ئێستاش بە یەکێک لە گەورەترین یاریزانانی مێژووی بەرشەلۆنە دادەنرێت، کاردانەوەی بەرامبەر پاڵەوانێتی بەرشەلۆنە هەبوو و وێنەیەکی لە جامی لالیگا لە هەژماری فەرمی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئینستاگرام بڵاوکردەوە و نووسیویەتی: پیرۆزە./.