بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ئەلبا بەم دواییانە گرێبەستەکەی لەگەڵ ئینتەر میامی تاوەکو ساڵی 2027 درێژکردەوە و ئەمەش وای لێدەکات تاوەکو تەمەنی 38 ساڵ لەگەڵ یانەکەدا بمێنێتەوە. لە کاتی درێژکردنەوەی گرێبەستەکەدا، پرسیاری لێکرا سەبارەت بە ئەدای بەرشەلۆنە لەم وەرزەدا، ئەویش ئەم دەرفەتەی باشزانی و پیرۆزبایی لە تیپەکەی هانسی فلیک کرد.
ئەستێرەی پێشووی بەرشەلۆنه ڕایگەیاند: دەمەوێت پیرۆزبایی لە بەرشەلۆنە بکەم. وابزانم وەرزێکی ناوازەیان هەبوو، لەگەڵ ڕاهێنەرێک کە من خۆم ئاشنای نیم. بەڵام بەو شێوازەی خەڵک باسی دەکەن و ئەوەی لە یاریگادا دەیبینین، بەڕوونی نیشانی دەدات کە ئەو تیپەکەی بەباشی بەڕێوە دەبات و یاریزانەکانیشی زۆر چالاکن.
هەروەها ئەلبا باسی له لامین یامال کرد و ڕایگەیاند: ئەو یەکەم یاری لەگەڵ ئێمە لە بەرشەلۆنە ئەنجامدا کاتێک تەمەنی تەنیا 15 ساڵ بوو. لەو کاتەدا ڕوون بوو کە ئەو یاریزانێکی جیاوازە، بەڵام ئەو گۆڕانکارییە جەستەییانەی لەم دوو ساڵە بەسەریدا هاتووە وای لێکردووە ببێتە یاریزانێکی یەکلاکەرەوە. ئەو یارییەی کە دەیکات بەڕاستی سەرسوڕهێنەرە. بە جیدی لامین یامال یەکێکە لە پاڵێوراوەکانی تۆپی زێڕین./.