بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، بەرزی پەستانی خوێن پێی دەوترێت بکوژی بێدەنگ. چونکە بە بێ نیشانە کەسی تووشبوو بە مردن و کۆتایی ژیان نزیک دەکاتەوە و ئەگەر بەرزی پەستانی خوێن لە قۆناغە سەرەتاییەکانیدا کۆنتڕۆڵ نەکرێت، نەک تەنیا خوێنبەرەکانی دڵ بەڵکو ئەندامەکانی دیکە تووشی کێشە دەکات.
بەرزی پەستانی خوێن بەربڵاوترین جۆری نەخۆشییەکانی دڵە و لە هەر سێ کەس یەک کەس تووشی دەبێت. بەرزی پەستانی خوێن بە کێشەیەکی گەورە دادەنرێت چونکە دەبێتە هۆی ئەوەی دڵ قورستر کار بکات. ئەگەر ئەم کێشەیە کۆنتڕۆڵ نەکرێت مەترسی جەڵتەی دڵ، جەڵتەی مێشک و نەخۆشی گورچیلە زیاد دەکات.
هەندێک کەس دەتوانن بەرزی پەستانی خوێن کۆنتڕۆڵ بکەن بە گرتنەبەری شێوازی ژیانێکی تەندرووست، دابەزاندنی کێشی زیادە، وازهێنان لە جگەرەکێشان، سنووردارکردنی خواردنی کافاین و کحول، کەمکردنەوەی خواردنی خوێ./.