بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، دکتۆر مەسعود پزیشکیان لە وتارێکی لە کۆنفرانسی تاران بۆ وتووێژ، بە ئاماژە بە لێدوانەکانی دۆناڵد ترەمپ لە سەردانەکەی بۆ ناوچەکە و ئەوەی کە ئێرانی بە مەترسی ناو بردووە، وتی: ئایا ئێمە خانووەکان بۆردومان دەکەین یان زانایان و خەڵکی بێ تاوان دەکوژین؟ ئایا ئێمە بە چەکەکانی خۆمان هەڕەشە دەکەین یان ئەوانەی کە هاتوونەتە ناوچەکەی ئێمە و هەڕەشە دەکەن؟ ئایا ئێمە ئیسماعیل هەنییەمان تیرۆر کرد؟ ئایا ئێمە پشتیوانی لەم تیرۆرانە دەکەین؟ تاوانباران کەسانی دیکە تۆمەتبار دەکەن کە جیهان ئاڵۆز دەکەن و ئەمەش هەمان مەرگی ڕەوشتە لە ستاسەتدا کە بەرهەم و دەستکردی ئەوانە.
ناوبراو وتی: ئێمە هەزاران ساڵە لە گەڵ وڵاتانی دراوسێداین بەڵام دوژمنان هەوڵ دەدەن لە نێوان وڵاتانی ناوچەکەدا ناکۆکی درووست بکەن، چەک دەدەن تا ئێمە پێکەوە شەڕ بکەین و پاشان خۆیان بە بیانووی جێگیرکردنی ئاشتی بێنە ناوچەکە و سەرچاوەکانی ئێمە تاڵان بکەن.
پزیشکیان وتی: لە گەڵ سەرکردەی تەواوی وڵاتانی ناوچەکە وتووێژمان کردووە و هەوڵمانداوە کە برایەتی، کەلتور و دۆستایەتی خۆمان پێشکەش بەوان بکەین. ئێمە لە گەڵ 15 وڵات دراوسێین و دانیشتووانی ناوچە سنورییەکان بەدەر لە دراوسێیەتی، پێکەوە پەیوەندی خێزانیشیان هەیە، بۆ لە گەڵ یەکتر شەڕ و ناکۆکیمان هەبێت؟ ئێمە دەمانەوێت یارمەتیدەر بین تا ناوچەکە لە ئاشتی و ئارامیدا بێت. دەبێت دەست لە دەستی یەکتردا بین تا لە ژیان چێژ وەربگرین، ئەگەرچی دوژمن نایەوێت ئەمە ڕوو بدات.
سەرۆک کۆماری ئیسلامی ئێران وتی: ئەگەر وزەی کەنداوی فارس نەبێت وڵاتانی ڕۆژئاوا ئیفلیج دەبن، بەم هۆیەوە ئەوان هەوڵی شەڕ و ناکۆکی لە نێوان ئێمەدا دەدەن تا سەرچاوەکانی ئێمە بە هەر نرخێک ببەن و ئێمە بۆ یەکتر ببینە هەڕەشە. ئەوام دەیانەوێت نەوتەکەمان ببەن و چەکمان پێبدەن.
دکتۆر مەسعود پزیشکیان سەبارەت بە دۆسیەی ناوەکیش وتی: ئێمە شتێکمان بۆ شاردنەوە نییە و لە وزەی ناوەکی بۆ ئامانجی ئاشتیخوازانە کەڵک وەردەگرین، بڕوای ئایینی موڵەتی درووستکردنی چەکی ناوەکی بە ئێمە نادات، ئەو چەکەی کە مرۆڤایەتی لەناو ببات لای ئێمە شوێنی نییە و بە فەتوای ڕێبەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامی ئێران قەدەغە و حەرام کراوە./.