بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، شەوی ڕابردوو یانەی بەرشەلۆنه بەرامبەر ڤیاڕیال یاریی کرد و بە ئەنجامی 2-3 دۆڕا. بەڵام ئەم دۆڕاندنه کاریگەری لەسەر پاڵەوانێتی بەرشەلۆنه نەبوو. لە هێڵی هێرشبەریدا لامین یامال، ئەستێرەی تەمەن 17 ساڵ جارێکی دیکە درەوشایەوە و هاندەرانی بەرشەلۆنەی دڵخۆش کرد.
نیکۆلاس پێپێ، یاریزانی هێڵی ناوەڕاستی ڤیاڕیال کە لە نیوەی دووەمدا هاتە نێو یاریگا، سەبارەت بە رووبەڕووبوونەوەی لامین یامال ڕایگەیاند: لامین یامال بەڕاستی یاریزانێکی ناوازەیە. ئەو ساتەی کە ڕاستەوخۆ سەیری کردم، لە دڵی خۆمدا گوتم، نامەوێت بە ڤیدیۆیەک لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان شەرمەزار ببم. دەستبەجێ گەڕامەوە دواوە. تاکە هیوام کۆتاییەکی ئارامە بۆ ئەم وەرزە.
وتیشی: یامال فاکتەری یەکلاکەرەوەیە بۆ جوڵەی بەرشەلۆنە، ئەوەش لە تەمەنی 17 ساڵیدا! لامین یاریزانێکی زۆر زیرەکە. کاتێک جوڵەی سەرسوڕهێنەری دەکرد، هەندێک لە یاریزانەکانمان دەیانگوت ئەو لە مێسی باشترە! تەنانەت ڕاهێنەرەکە ڕێنمایی بە بەرگریکارەکانمان کردبوو کە بە جووت لە بەرامبەریدا بوەستنەوە./.