بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، عەبدولمەلک بەدرەدین حوسی جەختی لە سەر کاریگەریی هێرش و پشتیوانی یەمەنییەکان بۆ دانیشتووانی کەرتی غەززە کردەوە و وتی: هێرشە مووشەکییەکان بۆ سەر ناوچە داگیرکراوەکانی فەڵەستین بە ڕادەیەک کاریگەر بووە کە هێڵە ئاسمانییەکان ماوەی ڕاگرتنی گەشتەکانیان بۆ فەڵەستینی داگیرکراو درێژ کردووەتەوە، تەنانەت کەشتی فڕۆکەهەڵگری ترۆنەمی ئەمریکا بە ناچاری ناوچەکەی بەجێهێشتووە.
ناوبراو لە وتاری پێنج شەممەی خۆیدا ڕایگەیاند کە ئوممەی ئیسلامی بەرپرسیارێتییەکی گەورەی بۆ یارمەتیدانی گەلی فەڵەستین لەم زوڵمە گەورە و بێ وێنەیەدا لە ئەستۆیە و بێدەنگی موسڵمانان، دەرفەت و موڵەتی ئەوە بە دوژمن دەدات کە بە دڵنیایی لە نەبوونی کاردانەوە، درێژە بە تاوانەکانی بدات.
سەرۆکی ئەنساروڵڵای یەمەن بە ئاماژە بە لێهاتوویی جەنگاوەرانی فەڵەستینی لە غەززە، وتی: ئەوەی کە بۆ دوژمنی زایۆنیستی لە کەرتی غەززە ڕوو دەدات، پیشاندەری توانا و کاریگەری برا تێکۆشەرەکانمانە. ئەوان لە کەتیبەکانی قەسام بە سەقامگیری و نەرمییەکی زۆرەوە و بە گوێرەی پێویستییەکانی گۆڕەپانی شەڕ، ڕوبەڕوی دوژمن دەبنەوە و دەسەڵاتەکەی لاواز دەکەن. ئۆپەراسیۆنەکانی تێکۆشەرانی فەڵەستینی لە غەززە، کاریگەر و کارامەن و وایکردووە کە بەشێک لە فەرماندەکانی دوژمن دان بە لاوازی و شکستەکانی خۆیاندا بنێن.
عەبدولمەلک بەدرەدین حوسی داوای لە وڵاتانی ئەورووپی کرد کە پڕچەککردنی ڕژێمی زایۆنیستی ڕابگرن و بڕیاری یەکلاکەرەوە و سزای ڕاستەقینە بە سەر ئەم ڕژێمەدا بسەپێنن و کۆتایی بە پەیوەندییە ئابوری و بازرگانییەکانیش بێنن./.