بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، کۆبوونەوەی سنە لە بەرواری 20 و 21 ئایاری 2025 بەڕێوەچوو کە پارێزگارانی کوردستان، کرماشان و ئازەربایجانی ڕۆژئاوا لە ئێران و هەولێر، سلێمانی، دهۆک و هەڵەبجە لە هەرێمی کوردستان بەشدارییان تێدا کرد.
هەروەها جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران بۆ کاروباری دیپلۆماسیی ئابوری و چەندین بەرپرسی دیکەی ئێرانی لە کۆبوونەوەی سنەدا بەشدارییان کرد.
لەم کۆبوونەوەدا پێگەی ستراتیژیی پارێزگای کرماشان جارێکی دیکە جەختی لە سەر کرایەوە و بە جۆرێک سەرنجی بەشداربووان لە سەر پێگەی جوگرافی و ژێرخانی دەوڵەمەندی ئەم پارێزگایە بوو.
مەنوچەهر حەبیبی پارێزگاری کرماشان جەختی لە سەر پێگەی ناوازەی ئەم پارێزگایە لە هاوکارییەکانی نێوان ئێران و هەرێمی کوردستان کردەوە و کرماشانی وەک یەکێک لە گرنگترین میحوەرەکانی پەیوەندی ئابوری و کەلتوری نێوان هەر دوو لا ناساند.
ناوبراو وتی: کرماشان بە هەبوونی زیاتر لە 371 کیلۆمەتر سنوری هاوبەش لە گەڵ هەرێمی کوردستان و عێراق و 5 خاڵی سنوریی فەرمی، یەکێک لە چالاکترین ناوچەکانی ئێرانە لە بازرگانی دەرەکیدا و خاڵی سنوریی پەروێزخان لە قەسری شیرین ڕۆڵێکی سەرەکیی لە ئاڵوگۆڕە بازرگانییەکان و هەناردەی ئێران بۆ عێراق هەیە و لە ڕووی ڕێژەی ئاڵوگۆڕەکانەوە بە یەکێک لە سنورە گرنگەکانی ئێران دادەنرێت.
پارێزگاری کرماشان بە ئاماژەدان بە توانا ئابوری و پیشەسازی و کشتوکاڵییەکانی ئەم پارێزگایە وتی: کرماشان بە بەشداری بەرچاوی لە بەرهەمهێنانی بەرهەمی کشتوکاڵی و توانای بەرزی هەناردەکردن و پێگەی تایبەت لە بوارەکانی پترۆکیمیا و وزە و کۆمپانیاکانی زانست بنەما، دەتوانێت وەک هاوبەشێکی متمانەپێکراو و بەردەوام بۆ هەرێمی کوردستانی عێراق ڕۆڵی هەبێت. هەروەها، بە ژێرخانی گونجاو لە بوارەکانی گواستنەوەی ڕێگاوبان، شەمەندەفەر، ئاسمانی و سنوورییەکان، پارێزگاکە ئامادەیە بۆ فراوانکردنی هاوکارییە فرەلایەنەکان لە ئاستە جیاوازەکاندا.
حەبینی جەختی لە ئامادەیی کرماشان بۆ میوانداری کردنی سەرمایەدارانی هەرێمی کوردستان لە بوارەکانی وەک خزمەتگوزاری تەکنیکی و ئەندازیاری، گەشتیاری تەندرووستی، پیشەسازی و کشتووکاڵ کردەوە و وتی: هەموو دەسەڵاتێکی پێویست دراوەتە ژووری بازرگانی پارێزگاکان بۆ ئاسانکاری و خێراترکردنی پرۆسەکانی هاوکاری، هەروەها بیرۆکراسییە ئیدارییەکان کەمترین کەم کراونەتەوە.
بە وتەی پارێزگاری کرماشان، کەرتی تایبەت بزوێنەری سەرەکی گەشەسەندنی ئابورییە و پێویستە حکومەت ڕۆڵی ئاسانکاری بگێڕێت.
لە پەراوێزی کۆبوونەوەکەی سنەدا، کۆبوونەوەی جیا لە نێوان پارێزگاری کرماشان و بەشێک لە پارێزگارانی هەرێمی کوردستان بەڕێوەچوو، کە تێیدا جەخت لە سەر پێویستی ئاسانکاری بۆ کاروباری سنورەکان و بەهێزکردنی ئاڵوگۆڕە ئابورییەکان و فراوانکردنی هاوکارییە کەلتوری و ئەکادیمییەکان کرایەوە.
نوخشە ناسیح، پارێزگاری هەڵەبجە بەوەکالەت، لە کۆبوونەوەیەکدا لە گەڵ پارێزگاری کرماشان، کرماشانی بە هاوبەشی ستراتیژی هەڵەبجە لە گەشەپێدانی ناوچەکە زانی و جەختی لە سەر پێویستی بەدواداچوونی چارەسەری بەرکەوتووانی کیمیایی هەڵەبجە لە ناوەندە پزیشکییەکانی ئەم پارێزگایە کردەوە.
ناوبراو وتی: کرماشان بۆ ئێمە گرنگییەکی تایبەتی هەیە، لە بەر ئەوەی کە سنوری هاوبەشی گرنگمان هەیە و دەمانەوێت پەیوەندییەکان لەم بوارەدا بەرفراوانتر بکەین./.