بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، سەید عەباس عێراقچی لە وتووێژێکی تەلەفزیۆنیدا ڕایگەیاند کە ئێران توانای درووستکردنی چەکی ئەتۆمیی هەیە بەڵام ئیرادەیەکی بۆ ئەم کارە نییە.
ناوبراو وتی: ڕێبەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامی ئێران لە فەتوایەکدا درووستکردنی چەکی ئەتۆمییان قەدەغە کردووە و لە سیاسەتی بەرگری ئێمەدا چەکی ئەتۆمی بوونی نییە، ساڵانێک سزای ئێمەیان دا و زانایانی ئێمەیان تیرۆر کرد بەڵام بەرەو درووستکردنی چەکی ئەتۆمی هەنگاومان نەنا.
عێراقچی وتی: ئێمە دانوستانمان کرد و گەیشتینە ڕێکەوتن، بەڵام ئەوان لەو ڕێکەوتنە کشانەوە و دیسانەوە بەرەو درووستکردنی چەکی ناوەکی هەنگاومان نەنا، سیاسەتی ئێمە لە سەر بنەمای خۆیە و درووستکردنی چەکی ناوەکی لای ئێمە مانایەکی نییە.
وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران وتی: پیتاندنی یورانیۆم بەردەوام دەبێت، بە بێ ڕێکەوتن یان بە ڕێکەوتن، ئەگەر لایەنی بەرامبەر دەیەوێت ئەم مافە نەبێت، بە ڕاشکاوانە دەڵێم هیچ ڕێکەوتنێک ناکرێت.
سەید عەباس عێراقچی وتی: دیپلۆماسی هیچ کات داناخرێت، لایەنی عۆمانی هەوڵێکی زۆریداوە کە گەڕێکی دیکە دانوستان بکەین تا ڕەنگە چارەسەرێک بدۆزرێتەوە.
وتیشی کە لە پشتی مێزی دانوستانەوە ئیرادەی خۆمان بە سەر لایەنی بەرامبەردا دەسەپێنین، ئێمە لە دانوستان ناترسین و واز لە هەڵوێستەکانی خۆمان ناهێنین.
عێراقچی سەبارەت بە هەڕەشەکانی ڕژێمی زایۆنیستی وتی: ئەمریکا و ڕژێمی زایۆنیستی بە جیا لە یەکتر نابینین، ئەوەی کە ئەوان پێکەوە ڕاوێژ دەکەن نائاسایی نییە. ڕژێمی زایۆنیستی هەوڵی پەلکێشکردنی ئەمریکییەکانی بۆ شەڕی دژ بە ئێران دا بەڵام ئەمریکییەکان ئەوەیان نەکرد. ئەگەر ڕژێمی زایۆنیستی هەڵەیەک بکات ئێمە ئەمریکا بە هاوبەشی دەزانین.
ناوبراو وتی: لە نامەیەکدا بۆ سکرتێری گشتی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان جەختم لەوە کردووەتەوە کە بە هەموو شێوەیەک بەرگری لە دامەزراوەکانی خۆمان دەکەین و ئامادەی کاردانەوەی توند و یەکلاکەرەوەین و ئەگەر هەڕەشەکان بەردەوام بێت بە پێویستی دەزانین ڕێوشوێنی تایبەت بگرینەبەر./.