بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، سەید عەباس عێراقچی لە کۆتایی گەڕی پێنجەمی دانوستانەکانی نێوان ئێران و ئەمریکا کە ڕۆژی هەینی لە ڕۆمای پایتەختی ئیتالیا بەڕێوەچوو، وتی: جارێکی دیکە هەڵوێست و بنەماکانی کۆماری ئیسلامی ئێرانمان سەبارەت بە دانوستانەکان خستەڕوو. هەڵوێستی ئێمە بە تەواوی ڕوونە و پێداگریمان لە سەر ئەوان کردووە.
ناوبراو وتی: پێم وایە لە ئێستادا تێگەیشتنێکی باشتر و ڕوونتر لە هەڵوێستەکانی ئێمە لای ئەمریکییەکان درووست بووە و وەزیری دەرەوەی عۆمان هەوڵێکی زۆریداوە کە ڕێگایەک بۆ چارەسەرکردنی بەربەستەکانی بەردەم و بەرەوپێشچوون لە دانوستانەکان بدۆزێتەوە. بەڕێزیان چەندین پێشنیاریان خستەڕوو کە بڕیارە لە پایتەختەکاندا زیاتر تاوتوێ بکرێت، بە بێ ئەوەی کە لە ئێستادا پابەندبوونێک بۆ هیچ یەک لە لایەنەکان درووست بکات.
وتیشی کە هیوادارین کە ئەگەر ئەم پێشنیارانە لە پایتەختەکاندا لەبەرچاو بگیرێن، بتوانین وردەکارییەکان لە گەڕی داهاتوودا تاوتوێ بکەین./.