بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، یانەی ڕیال مەدرید ڕۆژی هەینی بە فەرمی ڕۆیشتنی ئەنچیلۆتی لە یانەکەی ڕاگەیاند. بەم شێوەیە یاریی ڕۆژی شەممە بەرامبەر ڕیال سۆسیداد لە یاریگای سانتیاگۆ بێرنابیۆ دوایین ئامادەبوونی ئەم ڕاهێنەرە ئیتاڵییە لە ڕیال مەدرید دەبێت.
زۆرێک لە یاریزانانی ڕیال مەدرید لە چەند ساڵی ڕابردوودا لەژێر ڕاهێنەرایەتی ئەنچیلۆتی توانیویانە چەندین پاڵەوانێتی بەدەست بهێنن، لەوانە بردنەوەی چامپیۆنزلیگ و لالیگا و جامی شای ئیسپانیا. هەروەها بێلینگهام یەکێکە لەو یاریزانانەی دوای ئەوەی پەیوەندی بە ڕیال مەدریدەوە کردووە توانیویەتی دوو وەرز لەژێر ڕاهێنەرایەتی ئەنچیلۆتی یاری بکات.
بێلینگهام کاردانەوەی لەسەر ڕۆیشتنی ئەنچیلۆتی لە هەژماری فەرمی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئینستاگرام بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند: سوپاس بۆ هەموو شتێک. فێربوون لە سەرکەوتوترین ڕاهێنەر لە مێژووی یانەکەمان و یەکێک لە گەورەترین ڕاهێنەرەکان لە مێژوودا، شانازی و ئەزموونێکی زۆر باش بوو. ئەوەی تۆ فێرت کردم سەبارەت بە ژیان و تۆپی پێ هەموو کاتێک لەگەڵم دەمێنێتەوە و بۆ هەمیشە سوپاسگوزار دەبم. من هیچ هیوایەکم نییە جگە لە بەختەوەری بۆ تۆ، ستافی تەکنیکی و خێزانەکەت./.