بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، هەنگاوەکانی دیمەشق بەرەو تەل ئەبیب خێراتر بووە و دوژمنی دوێنێ بووەتە دۆستی ئەمڕۆ، ئەو هاوبەشییەش لە لایەن ئەمریکاوە داڕێژراوە و لە لایەن وڵاتانی ناوچەکەوە ڕەنگ و بۆنی گرتووە تا سوریای نوێ بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی لە گەڵ ڕژێمی زایۆنیستی، ببێتە بەشێک لە ڕێکەوتنی سازشت ناسراو بە ڕێکەوتنی ئابراهام.
ئەم هەنگاوانەش بە بەڕێوەچوونی چەند کۆبوونەوەیەک لە نێوان بەرپرسانی ڕژێمی زایۆنیستی و سوریا بە چاودێری تورکیا دەستیپێکردووە و بەرپرسێکی زایۆنیست ئەنجامەکەی بە ئەرێنی ناو بردووە.
ئەو بەرپرسە زایۆنیستە جەختی لە سەر گرنگی بەشداری سوریا لە ڕێکەوتنی سازشتدا کردووەتەوە و ڕایگەیاندووە کە دیمەشق و تەل ئەبیب پەیامی نیازپاکییان بۆ یەکتر ناردووە.
ڕاشیگەیاندووە کە تەل ئەبیب وەک حکومەتێکی سەربەخۆ مامەڵە لە گەڵ دەسەڵاتی نوێی سوریا دەکات بەڵام هیچ کات موڵەتی ئەوە نادات زیان بە درۆزەکان بگات.
سوریا مەرجی هەڵگرتنی سزاکانی ئەمریکای بۆ بەشداریکردن لە ڕێکەوتنی سازشت دیاری کردووە. ئەگەرچی دۆناڵد ترەمپ لە میانەی سەردانەکەیدا بۆ ناوچەکە ڕایگەیاند ئەمریکا ئەو هەنگاوە هەڵدەگرێت، بەڵام مارکۆ ڕوبیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ڕایگەیاندووە کە سزاکانی سوریا بۆ ماوەی 6 مانگ کەمدەکرێنەوە./.