بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، دکتۆر مەسعود پزیشکیان سەرۆک کۆماری ئیسلامی ئێران لە کۆنگرەی ڕۆژنامەوانی هاوبەش لە گەڵ شەهباز شەریف سەرۆک وەزیرانی پاکستان (تاران – 26 ی ئایاری 2025) وتی: پاکستان وڵاتێکی گرنگی دراوسێی ئێرانە و پەیوەندییە مێژووییەکانی هەر دوو وڵات ڕیشەیەکی شارستانی و کەلتوریی هەیە کە بۆ چەندین سەدە و تەنانەت هەزاران ساڵ بەر لە ئێستا دەگەڕێتەوە.
سەرۆک کۆماری ئیسلامی ئێران جەختی لە سەر تێڕوانینی هاوبەشی نێوان تاران و ئیسلام ئاباد لە پرسەکانی ناوچەکە، جیهانی ئیسلام و جیهان بە گشتی کردەوە و وتی: لە کۆبوونەوەم لە گەڵ سەرۆک وەزیرانی پاکستان و شاندی یاوەری، جەختمان لە سەر پەرەپێدانی هاوکارییە سیاسی، ئابوری، کەلتوری و نێودەوڵەتییەکان کردەوە.
پزیشکیان وتی: پێمان وایە کە سنورە هاوبەشەکانی نێوان ئێران و پاکستان دەبێت بەدوور لە هەر چەشنە ئاڵۆزی و بوونی گرووپە تیرۆریستییەکان بێت، خۆشبەختانە هەر دوو وڵات لەم بوارەدا بۆچوونی هاوبەش و ئیرادەی جیدییان بۆ بەرەنگاربوونەوەی تێکدەرانی ئاسایش هەیە.
ڕاشیگەیاند کە کۆماری ئیسلامی ئێران لە جێگیربوونی ئاگربەست و ئاشتی لە نێوان پاکستان و هیندستان پێشوازی دەکات و باشترین ڕێگاچارەی ناکۆکییەکان، وتووێژ و شێوازی ئاشتییانەیە./.