بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، حەزرەتی ئایەتوڵڵا خامنەیی لە چاوپێکەوتنی شەهباز شەریف سەرۆک وەزیرانی پاکستان کە بە ئامادەبوونی دکتۆر مەسعود پزیشکیان بەڕێوەچوو، وتیان: لە هەلومەرجێکدا کە شەڕخوازان لە جیهاندا پاڵنەری زۆریان هەیە بۆ درووستکردنی ناتەبایی و شەڕ، تەنیا شتێک کە دەتوانێت ئاسایشی ئومەتی ئیسلامی مسۆگەر بکات، یەکگرتوویی نێوان وڵاتانی ئیسلامی و بەرەوپێشبردنی پەیوەندییەکانی نێوان ئەو وڵاتانەیە.
ڕێبەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامی ئێران پرسی فەڵەستینیان بە یەکەم پرسی جیهانی ئیسلامی ناوبرد و بە ئاماژەدان بە بارودۆخی ناخۆشی غەززە، وتیان: بارودۆخی غەززە گەیشتووەتە ئاستێک کە خەڵکی ئاسایی لە ئەورووپا و ئەمریکا بە ئەنجامدانی خۆپیشاندان ناڕەزایەتی بەرامبەر حکومەتەکانیان دەردەبڕن، بەڵام لە هەمان ئەو هەلومەرجەدا بەداخەوە بەشێک لە حکومەتە ئیسلامییەکان لە تەنیشت ڕژێمی زایۆنیستەوە وەستاون.
بەڕێزیان بە جەختکردنەوە لە سەر ئەوەی کە کۆماری ئیسلامی ئێران و پاکستان، بە پێکەوە کارکردن دەتوانن کاریگەر بن لە جیهانی ئیسلامیدا و پرسی فەڵەستین لەم ڕێبازە هەڵەیە دوور بخەنەوە، ڕایانگەیاند: ئێمە گەشبینین بە داهاتووی جیهانی ئیسلامی، و زۆر ڕووداو گەشبینیمان پشتڕاست دەکەنەوە.
حەزرەتی ئایەتوڵڵا خامنەیی سەبارەت بەپوەندییەکانی نێوان ئێران و پاکستان وتیان: هەردوو وڵات دەتوانن لە زۆر بواردا هاوکاری یەکتر بکەن و هیوادارین ئەم گەشتە یارمەتیدەر بێت لە فراوانکردنی هەمەلایەنەی پەیوەندییەکان لە بوارە جیاوازەکاندا بە تایبەتی ئابوری و سیاسی و کەلتوری./.