بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، نەوزەر شەفیعی مامۆستای زانکۆ و شارەزا لە کاروباری پاکستان سەبارەت بە سەردانە چاوەڕوانکراوەکەی شەهباز شەریف بۆ تاران ڕایگەیاند: بانگهێشتکردنی شەهباز شەریف لە لایەن دکتۆر مەسعود پزیشکیان سەرۆک کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە لە چوارچێوەی پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی هەر دوو وڵاتە و بە بۆچوونی من پەیوەندییەکی بە گرژییەژانی ئەم دواییەی نێوان هیندستان و پاکستانەوە نییە.
ناوبراو وتی: هەندێک کێشە و دەرفەت لە پەیوەندییەکانی نێوان ئێران و پاکستاندا هەیە کە ئەم سەردانانە دەتوانێت کێشەکان چارەسەر و دەرفەتەکان زیاتر بکات. بۆ نموونە، ناسەقامگیری سنوری بە یەکێک لە کێشەکانی نێوان ئێران و پاکستان دادەنرێت کە دەبێت چارەسەر بکرێت، ئەوەی ساڵی ڕابردوو لە نێو خاکی هەر دوو وڵات ڕوویدا، ئاماژەیەکە بۆ ئەم چەشنە کێشە و گرفتانە.
شەفیعی وتی: هەندێک بابەتی وەک قاچاخی کاڵا و تەنانەت مرۆڤ لە سنورەکاندا هەیە کە بەرپرسانی هەر دوو وڵات هەوڵی چارەسەرکردنی دەدەن. دۆسیەی ئەفغانستانیش بۆ ئێران و پاکستان گرنگییەکی زۆری هەیە.
ئەو مامۆستایەی زانکۆ لە درێژەدا وتی: نەبوونی کێبڕکێ لە نێوان دوو بەندەری چابەهاری ئێران و گوادری پاکستان و هاوکاریکردنی هەر دوو وڵات لە گەشەی ئەم دوو بەندەرە دەتوانێت زۆربەی کێشەکان چارەسەر بکات. هەروەها کردنەوەی بازاڕچە سنورییەکان یان ناوچەی ئازادی بازرگانی دەتوانێت بەشێک لە کێشەکان چارەسەر بکات.
نەوزەر شەفیعی وتی: هەندێک نیگەرانی لە دوو دیوی سنوری بوونی هەیە، پاکستان بەشێک لە ئاڵۆزییەکانی بەلوچستانی خستووەتە ئەستۆی ئێران و هیندستان و ئێرانیش بە هەمان شێوە باس لە ڕۆڵی پاکستان لە ئاڵۆزییەکانی ناوچەی بەلوچستان دەکات. ئەم ئاڵۆزییانە دەتوانن سەرچاوەی ئاڵۆزیی دیکە بۆ یەکتر بن.
ناوبراو وتی: کاتێک سەیری ڕابردووی پەیوەندییەکانی نێوان ئێران و پاکستان دەکەین، دەبینین کە هاوبەشییەکی زۆر بە تایبەت لە ڕووی کەلتوری و مێژووییەوە دەبینرێت. لە سەردەمی شەڕی هەشت ساڵەی ئێران و عێراق، بەشێکی زۆری هێزە سەربازییەکانی ئێران لە سنورەکانی ڕۆژهەڵاتەوە چوونە ڕۆژئاوای وڵات، لە بەر ئەوەی کە متمانە بە پاکستان هەبوو، هەربۆیە پێویستە پەیوەندییەک بەم پێشینەوە گەشەسەندووتر و بەهێزتر ببێت.
وتیشی کە هەر دوو وڵات کێشەی ئابورییان هەیە و هاوکارییەکانیان دەتوانێت لە کێشەکان کەم بکاتەوە. ئەڵبەت چەندین گرفتی بەردەم هاوکارییە ئابورییەکانیش بوونی هەیە. بۆ نموونە سەبارەت بە هێڵی بۆری ئاشتی، یەکەم کێشە پاکستانە کە نایەوێت گرێبەستەکە بخاتە بواری جێبەجێکردنەوە. دووەم گرفت بۆ هیندستان دەگەڕێتەوە کە بە هۆی گرژییەکانەوە لە گەڵ پاکستان، ئامادەی هاوکاری نییە و سێهەم بۆ سزاکانی ئێران لە لایەن ئەمریکاوە دەگەڕێتەوە کە نایەوێت ئێران و وڵاتانی ناوچەکە وەبەرهێنانی هاوبەشیان لە بواری نەوت و غازدا هەبێت./.