بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، کارڤاخال ئەم شانازییە بەهۆی ئەنجامە وەرزشییە نایابەکانی بەدەستهێناوە کە بریتین لە 6 نازناوی چامپیۆنزلیگ، 6 جامی جیهانی یانەکان، 5 جامی سوپەری ئەورووپا، 4 نازناوی لالیگا، 2 نازناوی جامی شای ئیسپانیا، 4 جامی سوپەری ئیسپانیا، هەروەها یەک یۆرۆ و یەک خولی نەتەوەکانی ئەورووپا لەگەڵ هەڵبژاردەی ئیسپانیا.
کارڤاخال دوای وەرگرتنی مەدالیاکە لە ئیزابێل ئایۆسۆ، سەرۆکی ئەنجومەنی شاری مەدرید ڕایگەیاند: سوپاسی خانمی سەرۆک دەکەم بۆ ئەم ڕێزلێنانە. هەبوونی ئەم مەدالیایە لەسەر سینگم شەرەفێکی گەورەیە. هەروەها سوپاسی سەرۆکی یانەکە دەکەم کە بەبێ ئەو ئەم شانازییە نەدەبوو. من خەڵکی لێگانێسم، ڕەگەکانم لێرەن، و هەموو ڕۆژێک چێژ لەم ناوچە و وڵاتەکەم وەردەگرم. من شانازی دەکەم کە خەڵکی مەدریدم و ئاڵای ئەم ناوچەیە لە سەرانسەری جیهان بەرز دەکەمەوە./.