بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، بەدر بوسەعیدی وەزیری دەرەوەی عۆمان جەختی لە سەر پتەوکردنی پەیوەندی دووقۆڵی و مێژوویی نێوان وڵاتەکەی و ئێران کردەوە.
ناوبراو پەیوەندییەکانی نێوان عۆمان و ئێرانی بە ڕەگ و ڕیشەی قووڵ لە سەر بنەمای ڕێزگرتن و متمانەی بەرامبەر و هاوکاری ئەرێنی لە پێناو بەرژەوەندییەکانی گەلانی هەر دوو وڵات و ناوچەکە بە گشتی ناو برد.
بوسەعیدی وتی: ئێمە دەمانەوێت سەردانەکەی سەرۆک کۆماری ئێران بۆ مەسقەت، بەستێنی دەستپێکردنی قۆناغێکی نوێی پەیوەندییەکان و گەشەپێدانی بەرەو ئاسۆی نوێ لە بوارە سیاسی، ئابوری، بازرگانی و کەلتورییەکاندا بێت.
سەبارەت بە دۆسیەی ناوەکی ئێرانیش وەزیری دەرەوەی عۆمان وتی: دانوستانەکان بەردەوام دەبێت و هیوادارین ئەنجامی خوازراوی بە پێی ڕەزامەندی هەر دوو لا بە دواوە بێت و خزمەت بە ئاسایش و سەقامگیری لەم پرسە نێودەوڵەتییانەدا بکات./.