بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، تاجیکستان وڵاتێکی گەمارۆدراو لە وشکانییە و دەکەوێتە ناوەڕاستی ئاسیا. ئەو وڵاتە کە لە دوای ڕووخانی یەکێتی سۆڤییەت لە ساڵی ١٩٩١ دامەزراوە، بۆ فراوانکردنی بازرگانی دەرەکی پێویستی بە دەستڕاگەیشتن بە ئاوە گەرمەکانی باشور هەیە.
لە لایەکی دیکەوە تاجیکستان سنورێکی هاوبەشی لە گەڵ چین هەیە و سەردەمێک بەشێک بووە لە ڕێگای ئاورێشم کە ماوەی دوو هەزار ساڵە و بە وتەی شارەزایان یەکێکە لە ڕێگاکانی ڕێڕەوی ڕۆژهەڵات – ڕۆژئاوا کە بە ئێراندا تێدەپەڕێت.
ڕۆژی پێنجشەممە ٢9 ی ئایاری 2025، یاداشتێکی لێکتێگەیشتن لە نێوان جێگری وەزیری ڕێگاوبان و گەشەپێدانی شارەکان و بەڕێوەبەری جێبەجێکاری هێڵی ئاسنی ئێران جەبارعەلی زاکەری و بەڕێوەبەری کارگەی یەکگرتووی تاجیکستان میرزا عەلیێڤ کەمیل جومعە خان واژۆ کرا.
ئەم لێکتێگەیشتنە کە هاوتەریب لە گەڵ پەرەپێدانی دیپلۆماسیەتی هێڵی ئاسن و بە ئامانجی کەڵک وەرگرتن لە تواناکانی ئێستا و پەرەپێدانی ئابوری ناوچەکە و زیادکردنی گواستنەوەی هێڵی ئاسنی نێودەوڵەتی گەیشتە ئەنجام، ڕێگە بە شەمەندەفەرە ئێرانییەکان دەدات بە تۆڕی هێڵی ئاسنی تاجیکستاندا گەشت بکەن.
ناردنی شەمەندەفەرە ئێرانییەکان لە تۆڕی هێڵی ئاسنی تاجیکستانەوە بۆ هێڵی ئاسنی دیکە، بڕگەیەکی دیکەی ئەم یادداشتەیە.
ئەمەش ڕێگە بە ئاڵوگۆڕکردن و تێپەڕبوونی شەمەندەفەرە ئێرانییەکان دەدات لە سەر هەموو هێڵەکانی ئاسنی یەکێتی سۆڤییەتی پێشوو. چونکە لە دوای ڕووخانی یەکێتی سۆڤییەتەوە هەمان ڕێڕەوی بەرانبەر و هەمان یاسای یەکسانیان هەیە.
بە وتەی مێهدی باقری پسپۆڕی گواستنەوە و ترانزێت، ڕێککەوتنی نێوان ئێران و تاجیکستان بۆ ئاسانکاری ترانزێتی هێڵی ئاسن و کەڵک وەرگرتن لە شەمەندەفەرەکانی ئێران لە تۆڕی هێڵی ئاسنی تاجیکستان هەنگاوێکی گەورەیە بۆ بە بازرگانیکردنی ڕێڕەوی ڕۆژهەڵات – ڕۆژئاوا و ڕێڕەوی باکور- باشور کە بە خاکی ئێراندا تێدەپەڕێت./.