بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ئەحمەد مووسا، وتەبێژی وەزارەتی کارەبای عێراق، وردەکاریی جێبەجێنەکردنی ڕێککەوتنی غاز لە گەڵ تورکمانستان و کاریگەرییە ڕاستەوخۆکانی لە سەر قەیرانی سووتەمەنی و وزەی وڵاتەکەی ئاشکرا کرد.
ناوبراو وتی: کێشەی کارەبا لە عێراق دەرئەنجامی کارەکانی حکومەتەکانی پێشوو و نەبوونی پلانی وردە، جگە لەوەش ئەو گرێبەستانەی واژۆ کراون لە ئاستی خوازراودا نەبوون، هەروەها هیچ پلانێکی ڕاستەقینە بۆ دابینکردنی سووتەمەنی دانەنراوە.
وتەبێژی وەزارەتی کارەبای عێراق وتی: کەمی سووتەمەنی و غاز، کارکردنی وێستگەکانی کارەبا پەکدەخات و تا ئێستا هیچ چارەسەرێکی کردەیی بۆ کۆتاییهێنانی ئەم کێشە هەمیشەییە نەگیراوەتەبەر.
ئەحمەد موسا وتی: پێویستی غازی ڕۆژانەی عێراق دەگاتە 45 ملیۆن مەتری سێجا، لەکاتێکدا ڕێککەوتنی ئێستا لە گەڵ کۆمپانیا ئێرانییەکە تەنیا 20 ملیۆن مەتر سێجا دابین دەکات، واتە عێراق لە ماوەی دوو ڕۆژی داهاتوودا ڕووبەڕووی کەمی 35 ملیۆن مەتر سێجا دەبێتەوە.
ناوبراو وتی: ئێران هۆکاری ئەم کەمبوونەوەی هەناردەی غازی بۆ کارەکانی چاککردنەوە و زیادبوونی بەکاربردنی ناوخۆیی و زیانگەیاندن بە کێڵگە غازییەکان بە هۆی نەبوونی چاکسازی پێویستەوە گەڕاندووەتەوە.
ئاماژەی بەوەشکرد: عێراق نزیکەی هەشت مانگ لەمەوبەر گرێبەستی واژۆکرد بۆ هەمەچەشنکردنی سەرچاوەکانی وزە و هاوردەکردنی غاز لە تورکمانستانەوە، کە بڕیاربوو لە ڕێگەی ئێرانەوە بگوازرێتەوە بۆ عێراق. ئەم پرۆسەیە پێویستی بە دابینکردنی کۆمپرێسەر و کۆمپاکتۆر لە لایەن سێ کۆمپانیای ئێرانییەوە هەبوو، بەڵام بە هۆی سزاکانەوە پڕۆژەکە وەستا.
وتەبێژی وەزارەتی کارەبای عێراق ڕاشیگەیاند: ئێران ڕێگەچارەیەکی بەدیلی پێشکەش کرد، بەو پێیەش تورکمانستان غاز دەگەێنێتە باکوری ئێران و ئێرانیش دەیگوازێتەوە بۆ عێراق، بەڵام تورکمانستان ئەم پلانەی بە مەرجی ڕەزامەندی وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریکا کرد و ڕێککەوتنی سێقۆڵی (عێراق – ئێران – تورکمانستان)ی ڕەتکردەوە و داوای ڕەزامەندی ڕاستەوخۆی لە ئەمریکا کرد.
ئاماژەی بەوەشکرد: وەزارەتی کارەبا چاوەڕێی ڕەزامەندی ئەم چارەسەرە دەکات لە لایەن حکومەتی عێراقەوە لە چەند ڕۆژی داهاتوودا بۆ دڵنیابوون لە بەردەوامیی پێدانی غاز.
مووسا جەختی لەوە کردەوە: وەزارەتی نەوت پابەند بووە بە تەواوکردنی پلاتفۆرمە دەریاییەکان تا ناوەڕاستی مانگی حوزەیران کە زیاتر لە نیوەی غازی هاوردەی ئێران دابین دەکات. کردارێک کە دەتوانێت بۆ ماوەیەکی کاتی ژیان ڕزگار بکات.
ناوبراو هەروەها ئاماژەی بە گوشارەکانی ئەمریکا کرد بۆ کۆتایی هێنان بە پشتبەستنی عێراق بە گازی ئێران و وتی: ئەمریکا چەندین جار داوای لە عێراق کردووە پشت بە گازی ناوخۆ ببەستێت. هەموو ئەو گرێبەستانەی لە گەڵ کۆمپانیا بەناوبانگەکان بۆ بەرهەمهێنانی غاز واژۆکراون، هێشتا لە شوێنی خۆیانن و لە چوارچێوەی پلانی پێنج ساڵەدایە.
بەڵام مووسا هۆشداریدا کە غازی نیشتمانی تەنیا لەسەدا ٨٠ی پێداویستییەکانی تۆڕی کارەبا دابین دەکات، عێراقیش پێویستی بە دابینکردنی لەسەدا ٢٠ی دیکە لە سەرچاوەی دیکەوە هەیە. هەروەها حکومەت هەنگاوی ناوە بۆ بەکارهێنانی وزەی پاک.
سەبارەت بە بەکارهێنانی وزە، مووسا وتی: خواست لە سەر کارەبا لە عێراق گەیشتووەتە 54 هەزار مێگاوات، هاوکات لوتکەی بەرهەمهێنان لە 26 هەزار مێگاوات تێناپەڕێت.
ئاماژەی بەوەشکرد: وەزارەتی کارەبا لە ئێستادا بە بودجەیەکی کاتی 1/12 کاردەکات و پشت بە نەختینەیی دەبەستێت، لەکاتێکدا ئەو داهاتەی کۆدەکرێتەوە تەنانەت بەشی مووچەی فەرمانبەرانیش ناکات.
مووسا لە درێژەی قسەکانیدا وتی: تۆڕی کارەبا بە هۆی دەستدرێژی و بەکارهێنانی بێ مۆڵەتەوە ڕووبەڕووی زیانێکی گەورە بووەتەوە و تاکە چارەسەریش هەنگاونان بەرەو سیستەمی پێوەرە زیرەکەکانە. بەڵام یەکەم پارێزگا کە دژایەتی ئەم پڕۆژەیەی کرد، واست بوو.
ئاماژەی بەوەشکردووە کە گۆڕینی بەکارهێنانی موڵکەکان یەکێکە لە هۆکارە سەرەکییەکانی بەفیڕۆدانی وزە./.