بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، باسم نەعیم ئەندامی مەکتەبی سیاسی بزوتنەوەی حەماس ڕایگەیاندووە کە پرۆژە پێشنیارکراوەکەی ستیو ڤیتکاف نێردەی تایبەتی ئەمریکا بۆ ئاگربەستی غەززە کە ڕژێمی زایۆنیستی دەڵێت ڕەزامەندی لە سەر دراوە، هیچ یەک لە داواکارییەکانی فەڵەستینییەکانی لەبەرچاو نەگرتووە.
ناوبراو ڕایگەیاند کە وەڵامی زایۆنیستەکان بۆ ئەم پێشنیارە بە واتای بەردەوامی داگیرکاری و کوشتار و شەڕی برسێتی لە دژی دانیشتووانی غەززە لە ماوەی ئاگربەستە کاتییەکەیە و وەڵامی هیچ داواکارییەکی فەڵەستینییەکانی بە تایبەت کۆتایی شەڕ و برسێتی نەداوەتەوە.
ئەو ئەندامەی مەکتەبی سیاسی حەماس ڕایگەیاندووە کە بزوتنەوەکە سەرەڕای ئەمەش بە بەرپرسیارێتییەوە سەرقاڵی تاوتوێکردن و ئامادەکردنی وەڵامی پێشنیارەکەیە.
ڕاشیگەیاندووە کە پرۆژەکەی ڤیتکاف وەڵامدەرەوەی پێویستییەکانی غەززە و دانیشتووانەکەی نییە و هیچ پرۆتۆکۆلێکی مرۆڤدۆستانە بۆ گەیاندنی ڕۆژانە سەدان بارهەڵگر بۆ کەرتی غەززە نییە./.