بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، بەرپرسێکی وەزارەتی بازرگانی عێراق ڕایگەیاند، لە سەرەتای وەرزی بەبازاڕکردنەوە زیاتر لە دوو ملیۆن و 370 هەزار تۆن گەنم خراوەتە بازاڕەوە، پێشبینیش دەکرێت ئەمساڵیش وڵات لە بەرهەمهێنانی گەنمدا خۆبژێوی بەدەستبهێنێت.
حەیدەر نوری ئەلکەرعاوی، بەڕێوەبەری گشتی کۆمپانیای گشتی بازرگانی دانەوێڵە لە عێراق لە چاوپێکەوتنێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند: بڕی ئەو گەنمەی کە لە سەرەتای وەرزی بەبازاڕکردنەوە تا دوێنێ بەبازاڕ کراوە گەیشتووەتە دوو ملیۆن و ٣٧٠ هەزار تۆن، هەروەها پرۆسەی بەبازاڕکردنی ڕۆژانە لە نێوان ١٠٠ بۆ ١١٥ هەزار تۆن بەردەوامە.
ناوبراو وتی: پرۆسەی بازاڕکردن لە هەموو پارێزگاکاندا بە باشی بەرەوپێش دەچێت، هەرچەندە قەرەباڵغی لە هەندێک پارێزگادا بەدی دەکرێت کە تەنیا یەک سایلۆیان هەیە.
ئەلکەرعاوی جەختی لەوە کردەوە کە پارێزگای واست ئەمساڵ لە ڕووی قەبارەی بازاڕکردنەوە لە لوتکەی پارێزگاکاندایە و تا ئێستاش نزیکەی ٤٦٠ هەزار تۆن گەنم لەم پارێزگایە ڕادەست کراوە، لە کاتێکدا پارێزگای نەینەوا لە ساڵی ڕابردوودا زیاتر لە یەک ملیۆن و ٢٦٠ هەزار تۆن گەنمی ڕادەست کردووە.
ناوبراو لە درێژەی قسەکانیدا وتی: بۆ سێهەم ساڵ لەسەریەک عێراق لە بەرهەمهێنانی گەنمدا خۆبژێوی بەدەست دەهێنێت. لە ماوەی مانگێک و حەوت ڕۆژدا لە دەستپێکردنی وەرزی بازاڕکردن، زیاتر لە دوو ملیۆن و چوار سەد هەزار تۆنمان وەرگرتووە، پێشبینیش دەکرێت کە ئێمە ڕێژەی چوار ملیۆن تۆن تێپەڕێنین.
سەبارەت بە توانای عەمبارکردن، بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیای گشتی بازرگانی دانەوێڵەی عێراق ڕایگەیاند: کۆمپانیاکە دەستیکردووە بە درووستکردنی ١٩٠ دامەزراوەی عەمبارکردن لە پارێزگا جیاوازەکاندا، بە کۆی گشتی توانای عەمبارکردن دەگاتە یەک ملیۆن و ٥٠٠ هەزار تەن. ژمارەیەک لەو شوێنانە خراونەتە بواری جێبەجێکردنەوە و هەندێکی دیکەش وردە وردە بە درێژایی وەرزی بازاڕکردن چالاک دەبن./.