بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ڕەزا نیک ڕەوش ڕوونیکردەوە کە لەم دوو مانگەدا یەک ملیۆن و ٢٢٦ هەزار تۆن کاڵا لە گومرگی پارێزگای کرماشانەوە هەناردە کراوە کە ئەمەش بە بەراورد بە هەمان ماوەی ساڵی ڕابردوو لە ڕووی کێشەوە لە سەدا 10 و لە ڕووی بەهاوە لە سەدا 6 بەرزبوونەوەی هەبووە.
ناوبراو وتی: گومرگی خوسرەوی زۆرترین پشکی لە نێو گومرگی پارێزگای کرماشاندا هەبووە بە هەناردەکردنی 388 هەزار و 657 تۆن کاڵا بە بەهای 169 ملیۆن و 168 هەزار دۆلار. دوای ئەوە گومرگی پەروێزخان بە هەناردەکردنی 329 هەزار و 328 تۆن بە بەهای 129 ملیۆن و 884 هەزار دۆلار لە پلەی دووەمدایە.
نیکروش لە درێژەی قسەکانیدا وتی: گومرگی سومار لە ڕووی کێش و بەهای هەناردەکردنیشەوە سێهەم گەورەترین گومرگی پارێزگاکەیە بە هەناردەکردنی ٢٨٣ هەزار و ٣٩٨ تۆن کاڵا بە بەهای ١٢٤ ملیۆن و ٣٢٠ هەزار دۆلار.
بە وتەی ناوبراو، پشکی گومرگی شێخ سەڵە لە کۆی هەناردەی پارێزگاکە لەم ماوەیەدا 81 هەزار و 456 تۆن بووە کە بەهای 51 ملیۆن و 407 هەزار دۆلار بووە و پشکی گومرگی شۆشمی 134 هەزار و 300 تۆن بووە کە بەهای 13 ملیۆن و 239 هەزار دۆلار بووە.
بەرپرسی ناوچەی چاودێری گومرگی پارێزگای کرماشان ڕایگەیاند: کەلوپەلی سەرەکی هەناردەکراو بریتین لە کەلوپەلی ئاسن، کاشی و سیرامیک، سەوزە و میوە، بەردی بیناسازی، بەرهەمی شیرەمەنی، بەرهەمی پلاستیکی و دەفرە یەکجار بەکارهێنراوەکان.
کرماشان، ناوەندی هەناردەکردنی ڕۆژئاوای ئێران
پارێزگای کرماشان بە کۆی گشتی ٣٧١ کیلۆمەتر سنوری هاوبەشی لە گەڵ عێراق هەیە و بە درێژایی ئەم سنورەش دوو سنوری فەرمی و پێنج بازاڕی سنوری چالاکی هەیە و ساڵانە زیاتر لە سێ ملیار دۆلار کاڵا لەو سنورانە هەناردە دەکرێت.
شارۆچکەی سنوریی قەسری شیرین کە ژمارەی دانیشتووانی زیاتر لە ٢٧ هەزار کەسە لە ڕۆژئاوای کرماشان، سنورێکی ١٨٦ کیلۆمەتری لە گەڵ عێراقدا هاوبەشە. بە درێژایی ئەم سنورە، سنوری فەرمی پەرویزخان و خوسرەوی هەیە، کە لە ڕێگەیەوە ئاڵوگۆڕی ئابوری و بازرگانی و هەناردەکردن بۆ هەرێمی کوردستان و حکومەتی ناوەندی عێراق بەڕێوەدەچێت.
شۆشمی، شێخ سەڵە و سۆمەر، دەروازەکانی دیکەی گومرگی پارێزگای کرماشانن./.