بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، حوسێن نوشئابادی بە ئاماژەدان بە گرنگی سەردانەکەی وەزیری دەرەوەی ئێران بۆ میسر، وتی: سەردانەکەی بەڕێز عێراقچی بۆ میسر بە ئامانجی پتەوکردنی پەیوەندییە دووقۆڵییەکان و ڕاوێژکاری سەبارەت بە پرسە ناوچەییەکان، بەتایبەتی پرسی فەڵەستین و پەرەسەندنی تاوانەکانی ڕژێمی زایۆنیستی لە غەززە ئەنجام دراوە. میسر لە بوارەکانی سیاسی و ئابوری و کەلتووریدا توانایەکی زۆری هەیە. بە سەرنجدان بە هاوبەشییە ئایینی و کەلتوورییەکانی نێوان کۆماری ئیسلامی ئێران و میسر، پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوان دوو وڵات گرنگییەکی زۆری هەیە.
ناوبراو ڕایگەیاند: لە لایەکی دیکەوە میسر یەکێکە لە شارستانییەتە کۆنەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. میسر بە ژمارەی دانیشتووانی زیاتر لە 105 ملیۆن کەس، یەکێک لە گەورەترین وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە و پێگەیەکی تایبەتی هەیە لە پێشهاتە سیاسییەکانی ناوچەکەدا. ئەم وڵاتە پێگەیەکی جوگرافیایی ستراتیجی هەیە و لە خاڵێکی جیۆپۆلەتیکی هەستیاردا هەڵکەوتووە. لە باکورەوە هاوسنورە لە گەڵ دەریای ناوەڕاست و لە ڕۆژهەڵاتەوە لە گەڵ دەریای سور و نیمچە دورگەی سینا و لە ڕێگەی کەرتی غەززەوە سنوورێکی وشکانیی لە گەڵ فەڵەستین هەیە.
ئەو دیپلۆماتکارە ئێرانییە وتی: نۆکەندی سوێس کە یەکێکە لە گرنگترین ڕێگاکانی کەشتیوانی لە جیهاندا، میسری کردووە بە خاڵێکی سەرەکی لە گواستنەوەی نێودەوڵەتیدا. پیشەسازی گەشتیاری یەکێکە لە پایە سەرەکییەکانی ئابوری میسر، ساڵانە ملیۆنان گەشتیار لە ناوچە جیاجیاکانی جیهانەوە بۆ لای خۆیان ڕادەکێشن. بوونی شوێنە سەرنجڕاکێشە مێژوویی و سرووشتییەکان لە میسر، وەک هەرەمەکان، شوێنەوارە دێرینەکانی فیرعەونەکان، دۆڵی پاشاکان، ڕووباری نیل، کەنارەکانی دەریای سور و بەندەری ئەسکەندەریە، سەرنجی وەبەرهێنەرانی ناوخۆیی و بیانی لە بواری گەشتیاریدا ڕاکێشاوە.
حوسێن نوشئابادی وتی: پەیوەندییە بازرگانییەکانی نێوان ئێران و میسر تا ئێستا هەوراز و نشێوی زۆری هەبووە، ئاستەنگی زۆر لە پێشە کە پێویستە بە پەرەپێدانی پەیوەندییە سیاسی و ئابورییەکان تێپەڕێنرێن. پێویستی پەرەپێدانی چالاکییە بازرگانییەکان و چالاککردنی کەرتی تایبەت و ژوورە بازرگانییەکانی هەردوو وڵات و سود وەرگرتن لە بازاڕی میسر و پیشەسازی گەشتیاری چالاکی وڵاتەکە بۆ هیچ کەسێک شاراوە نییە. پێویستی بەپەلەی میسر بۆ هاوردەکردنی کەلوپەلەکانی وەک قوماش، بەرهەمی خۆراک، کەرەستەی بیناسازی، بەرهەمی کشتوکاڵی، خزمەتگوزاری تەکنیکی و ئەندازیاری دیارە.
وتیشی کە هیوادارین سەردانەکەی وەزیری دەرەوە بۆ ئەم وڵاتە ببێتە هۆی کردنەوەی زیاتری پەیوەندییە سیاسی و ئابورییەکان و لابردنی بەربەستە بازرگانییەکانی نێوان هەردوو وڵات./.