بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، سەید عەباس عێراقچی لە کۆبوونەوەی لە گەڵ عەبدولفەتاح سیسی سەرۆک کۆماری میسر، سڵاوی گەرمی دکتۆر مەسعود پزیشکیان سەرۆک کۆماری ئیسلامی ئێرانی بە ناوبراو گەیاند و وێڕای دەربڕینی ڕەزامەندی خۆی لە سەر پتەوکردنی پەیوەندییەکان، ڕاوێژ و هاوکاری لە نێوان تاران و قاهیرە بە تایبەت سەبارەت بە گۆڕانکارییەکانی ناوچەکە، جەختی لە سەر پێویستی بەردەوامیی ئەم ڕاوێژانە کردەوە.
عێراقچی بە ئاماژە بە دۆخی کارەساتباری غەززە و خەڵکی زوڵملێکراوی فەڵەستین بە گشتی بە هۆی بەردەوامیی کۆمەڵکوژییەکانی ڕژێمی زایۆنیستییەوە، جەختی لە سەر پێویستی هەنگاوی یەکگرتووی وڵاتانی ئیسلامی بۆ کۆتایی هێنان بەم دۆخە کردەوە.
عەبدولفەتاح سیسی سەرۆک کۆماری میسریش جەختی لە سەر بەردەوامی ڕاوێژی هەر دوو وڵات و پەرەپێدانی پەیوەندییەکان لە سەر بنەمای بەرژەوەندی و ڕێزی بەرامبەر کردەوە.
ناوبراو بە ئاماژە بە هەوڵەکانی میسر بۆ ڕاگرتنی کۆمەڵکوژییەکانی غەززە، جەختی لە سەر هەڵوێستی وڵاتەکەی بۆ ڕێگری لە پەرەسەندنی ئاڵۆزییەکان لە ناوچەکە و جێگیرکردنی ئارامی و سەقامگیری کردەوە./.