بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، لیڤاندۆڤسکی پێیوایە دەتوانێت لانی کەم بۆ ساڵێکی دیکە لە بەرزترین ئاست بۆ بەرشەلۆنە یاری بکات. ئەستێرەی پۆڵەندی وەرزێکی باشی هەبوو و سێ نازناوی لەگەڵ بەرشەلۆنە بردەوە و لە دوای ئێمباپێ لە ریزبەندی گۆڵکارانی لالیگا دووەم بوو.
لیڤاندۆڤسکی لە چاوپێکەوتنێکدا باسی لە داهاتوو و جێگرەوەکانی کرد و ڕایگەیاند: بابەتێکی ئاسان نییە، دەزانیت؟ لەم ڕۆژانەدا لە تۆپی پێ هێرشبەری بەتوانا زۆر نییە، بەشێکیشی دەگەڕێتەوە بۆ کێشەی دارایی. من زۆر یاریزانم نەبینیوە کە زیاتر لە 2 بۆ 3 ساڵ لە لوتکەی خۆیان بمێننەوە و زیاتر لە 40 گۆڵ لە وەرزێکدا تۆمار بکەن.
وتیشی: لە ئێستادا زەحمەتە یاریزانێک بدۆزیتەوە کە بتوانێت شتی لەو شێوەیە بکات. بۆیە دەڵێم کارێکی ئاسان نییە. من باسی یاریزانێک دەکەم کە لە ئاستێکی بەرزدا گۆڵی کردووە نەک تەنیا بۆ یەک یان دوو وەرز، بەڵکو بۆ 3، 4، 5 وەرز یان زیاتر. ئەمە بە هیچ شێوەیەک ئاسان نییە. لە تۆپی پێی ئەمڕۆدا، دۆزینەوەی هێرشبەرێکی گۆڵکەر کارێکی ئاسان نییە./.