بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، سەید عەباس عێراقچی لە سەردانەکەیدا بۆ قاهیرە، بەشداری لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی هاوبەش لە گەڵ بەدر عەبدولعاتی وەزیری دەرەوەی میسر کرد و وتی: من تا ئێستا دوو جار سەردانی میسرم کردووە و هاوتا میسرییەکەشم بە هەمان شێوە دوو جار سەردانی ئێرانی کردووە، ئێران و میسر ڕۆڵی گرنگیان لە پێناو دابینکردنی ئاسایش و سەقامگیری ناوچەکەدا هەیە و ئیرادەی بەرپرسانی باڵای هەر دوو وڵات لە سەر ئەمەیە.
عێراقچی وتی: ئێمە هەوڵی پتەوکردنی پەیوەندییەکان لە گەڵ میسر دەدەین و لە ئێستادا متمانەیەکی باش لە نێوان بەرپرسانی هەر دوو وڵاتدا هەیە و زیاتر لە هەر کاتێکی دیکە ئیرادەی پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی هەر دوو وڵات بوونی هەیە، هیچ بەربەستێک بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوان ئێمە و میسر نییە و کێشەکان چارەسەر دەکەین و لە ماوەی چەند هەفتەی داهاتوودا ئەمە ڕوو دەدات.
وەزیری دەرەوەی ئێران ڕایگەیاند کە تاران و قاهیرە لە بواری گەشتیاریدا پەیوەندییەکانیان پەرەپێدەدەن.
ناوبراو وتی: هاوکارییەکانی ئێران و میسر لە ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان و سەبارەت بە کاروباری ناوچەکە زیاتر بووە و خوازیاری پەرەپێدانی ئەمەین.
سەید عەباس عێراقچی سەبارەت بە دانوستانەکانی نێوان تاران و واشنتن وتی: مافی پیتاندنی یورانیۆم هیچ سازشتێکی لە سەر ناکرێت، ئێمە چەندین شەهیدی گەورەمان لەم ڕێگایەدا داوە و مافی خۆمانە لە چوارچێوەی یاسای نێودەوڵەتیدا کەڵک لە وزەی ئاشتیخوازانەی ناوەکی وەربگرین، ئێمە واز لە مافەکانی خۆمان ناهێنین.
ناوبراو وتی: ئامانج لە دانوستانەکان درووستکردنی متمانەیە و دەتوانین متمانەی ئەوە بدەین کە ئێران چەکی ناوەکیی ناوێت، بەڵام ئەگەر ئامانج بێبەشکردنی ئێران لە مافە ڕەواکانی خۆی بێت، ڕێکەوتنێک ناکرێت.
وتیشی کە ئەوەی هەڕەشەیە لە سەر ناوچەکە و چەکی ناوەکیی هەیە، ڕژێمی زایۆنیستییە کە بەداخەوە وڵاتانی ڕۆژئاوا چاویان بە ڕووی ئەمەدا داخستووە و هەڕەشەکانی ئەو ڕژێمە لەبەرچاوناگرن. ڕژێمی زایۆنیستی تۆمەتبارە بە کۆمەڵکوژکردنی خەڵکی فەڵەستین و چەکی ناوەکیی هەیە بەڵام ئەمە بۆ ئەمریکا و وڵاتانی ڕۆژئاوا گرنگ نییە./.