بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، وتەبێژی کۆشکی سپی ڕایگەیاند: ڤیتکاف پێشنیاری ورد و قبوڵکراوی خۆیی سەبارەت بە ڕێککەوتنی ئەتۆمی بۆ ئێران ناردووە. ” قبووڵکردنی ئەم پێشنیارە لە بەرژەوەندی ئێراندایە “. هەندێک لە بڵاوکراوە ئەمریکییەکان بانگەشەی وردەکارییەکانی ئەم نامەیەیان بە تایبەت لە بەشی پیتاندنی یورانیۆمی ئێراندا کردووە.
وەزیری دەرەوەی عومان ڕۆژی شەممە لە سەردانێکی کورتدا بۆ تاران ناوەڕۆکی پێشنیاری ئەمریکای خستە بەردەم بەرپرسانی ئێران. هەر لەو پەیوەندییەدا عێراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس نووسیویەتی: برای ئازیزم بەڕێز بەدر ئەلبوسەعیدی وەزیری دەرەوەی ڕێزداری عومان ئەمڕۆ لە سەردانێکی کورتدا بۆ تاران ناوەڕۆکی پێشنیازی ئەمریکای خستەڕوو کە بە پشت بەستن بە پرەنسیپەکان و بەرژەوەندییە نەتەوەییەکان و مافەکانی گەلی ئێران بە شێوەیەکی گونجاو وەڵامی دەدرێتەوە.
هاوکات لە گەڵ ئەم پێشهاتانەدا، ئاژانسی ڕۆیتەرز ڕایگەیاند، کۆپییەکی ڕاپۆرتە نوێیەکەی ئاژانسەکەی بینیوە و ڕافایل گەڕووسی بەڕێوەبەری گشتی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی لە چەند شوێنێکی ئەتۆمی ئێراندا، کە ڕەنگە پەیوەندییان بە ” پەرەپێدانی چەکی ئەتۆمی “وە هەبێت، ” بە ڕوونتر ” باسی لە ” چالاکییە نهێنییەکان ” و ” ماددە ڕاگەیەندراوەکان ” کردووە.
بە لەبەرچاوگرتنی ئەم هەلومەرجانە، پرسیار سەبارەت بە کاریگەرییە ئەرێنی و نەرێنییەکانی نامەکەی ئەم دواییە لە سەر دانوستانەکان و دوایین ڕاپۆرتی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم سەرهەڵدەدەن.
عەبدولڕەزا فەرەجی ڕاد، شرۆڤەکاری باڵای جیۆپۆلەتیکی و دیپلۆماتکار و خاوەن ئەزموونی ئێرانی، لەم بارەیەوە ڕایگەیاند: نامەکەی گەڕووسی خۆراکی پێویستی بۆ وڵاتانی ئەورووپی دابین کردووە بۆ چالاککردنی میکانیزمی دەستپێکردنەوەی سزاکان.
ناوبراو وتی: ناوەڕۆکی پێشنیاری ئەمەریکا بۆ ئێران زیاتر لە قسە و باسی میدیایی پێکهاتووە. بەرپرسانی هیچ کام لە وڵاتان بە فەرمی ناوەڕۆکی ئەو نامەیەی ڤیتکاف ناردوویەتی، ڕایاننەگەیاندووە. پرەنسیپی ئەوەی کە چەندین جار لە لایەن ئەمریکاوە وروژێنراوە ئەوەیە کە ئێران دەبێت بنکە ئەتۆمییەکانی هەڵبوەشێنێتەوە.
هەروەها ئێران لە کاتی دانوستانەکاندا چەندین جار ڕایگەیاندووە کە لە هیچ بارودۆخێکدا پیتاندن بە تەواوی ڕاناگیرێت. هەروەها هەندێک مەرجی دیکە، وەک سەردانیکردنی شوێنە نائەتۆمییەکان. بێگومان جەختی من ئەوەیە کە ناتوانین ئەوەی کە میدیا بانگەشەی بۆ دەکات وەک ڕاستی لەبەرچاو بگرین و جەختی لەسەر بکەینەوە. ڕاپۆرتە نوێیەکەی گەڕووسی تەواو پێچەوانەی ئەو شتانە بوو کە پێشتر ئیدیعای کردبوو. ئەو ئیدیعای دەکرد کە پێویستە کێشە ئەتۆمییەکان لە ڕێگەی دیپلۆماسیەوە چارەسەر بکرێن.
ئاماژەی بەوەشکردووە: کاتێکی زۆر بەسەر ئیدیعای بەڕێز گەڕووسی سەبارەت بە دیپلۆماسیدا تێنەپەڕیوە. ئەم جوڵەیەی ئەو و ئەو ڕاپۆرتەی پێشکەشی کردووە، خۆراکێکی تەواویان بۆ ترۆیکای ئەورووپی دابین کردووە بۆ چالاککردنی میکانیزمی دەستپێکردن. ئەگەر بمانەوێت ئەم بابەتە لە نامەکەی ڤیتکاف لابدەین، ڕەنگە هەندێک هەماهەنگی هەبووبێت.
لەگەڵ هەموو ئەمانەدا، ئەگەر گۆڕانکاری لە تێڕوانینی هەر دوو وڵاتدا ڕوویدابێت، ئەوا لە خولی شەشەمی دانوستانەکاندا بە ڕوونی دیار دەبێت. لە خولی شەشەمیشدا دەتوانین لەوە تێبگەین کە ئایا ناوەڕۆکی نامەکەی ڤیتکاف ڕاستە وەک ئەوەی میدیاکان بڵاویانکردۆتەوە یان نە؟
ئەم شارەزایە باڵای جیۆپۆلەتیک لە درێژەی قسەکانیدا وتی: دوای پێنج خولی دانوستان، هێشتا بە لایەنی ئێرانی نەگوتراوە کە لانیکەم پیتاندنی ئێران قبوڵ دەکەن. خاڵێکی تر ئەوەیە کە کاتێک لایەنی ئەمریکی دەگەڕێتەوە بۆ وڵاتەکەی، ڕووبەڕووی بۆچوونی جیاواز دەبێتەوە و وا نییە کە بۆچوونی ترامپ و ڤیتکاف هەمان بۆچوونی ڕوبیۆ و سیناتۆرە کاریگەرەکان و لۆبی ئیسرائیل و ئەوانی تر بێت. هەریەکەیان بۆچوونی دژ بەیەکیان هەیە. هەروەها ڕێبازی حکومەتی ئەمریکاش ڕێبازێکی ڕوون نییە و وەک ئەوە وایە نەگەیشتوونەتە ئەنجامێکی کۆتایی لە سەر ئەوەی چی بکەن، لە کاتێکدا ڕێگە و ڕێبازی لایەنی ئێرانی تەواو ڕوونە. لایەنی ئێرانی دەڵێت ئێمە پێداگرین لە سەر مافی خۆمان.
عەبدولڕەزا فەرەجی ڕاد وتی: پێموایە وەڵامی نامەکەی ڤیتکاف بە نهێنی دەدرێتەوە و ڕەنگە بەشێک لە وەڵامەکە لە خولی داهاتووی دانوستانەکاندا بدرێتەوە.
ناوبراو وتی: ئەمە یەکەمجار نییە کە ئەم جۆرە نامەیە بدرێت، پێشتریش نامەی جیاواز دراوە. بەڵام لە زۆر حاڵەتدا کاتێک لایەنەکان لە سەر مێزی دانوستان دادەنیشن، ڕێبازێکی جیاواز دەگرنەبەر. وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە دوایین لێدوانیدا گەشبینی خۆیی سەبارەت بە دانوستانەکان دەربڕی. ڕاستی گشتی ئەوەیە، یەکەم: لایەنەکان ئیرادەیەکی گشتییان هەیە بۆ دانیشتن لە سەر مێزی دانوستان و گەیشتن بە ڕێککەوتن و خاڵێکی دیکەش ئەوەیە کە ترەمپ پێویستی بە دەرئەنجامێکە لە دانوستانەکان.
وتیشی کە ناتوانین بە دڵنیاییەوە بڵێین دانوستانەکان دەگەنە ئەنجام، بەڵام هەردوولا نایانەوێت دانوستانەکان شکست بهێنن. ڕێگا هەیە بۆ ئاسانکاری دانوستانەکان، لەنێویاندا ئەتوانین ئاماژە بە کۆنسەرسیۆم بکەین. قبوڵ ناکرێت کە شوێنە ئەتۆمییەکان چڕ بکرێنەوە. عومانییەکان پێشنیاریان کردووە، گفتوگۆ کراوە و ڕەنگە چارەسەری باشتریش هەبێت. با لەبیرمان نەچێت پرسی ئێمە تەنیا دانوستانی ئەتۆمی نییە، بۆیە نابێت وا بیربکەینەوە کە دۆخی دانوستانەکان بە چەند نامەیەک گۆڕانکاری بەسەردا دێت./.