بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، عەلی ئەکبەر پورجەمشیدیان جێگری وەزیری ناوخۆی ئێران دەستپێکردنی ڕێوشوێنی جێبەجێکاریی بۆ بەڕێوەبردنی ڕێوڕەسمی ئەربەعین ڕاگەیاند و لە کۆبوونەوەی بارەگای ناوەندیی ئەربەعین کە لە وەزارەتی ناوخۆی ئێران بەڕێوەچوو جەختی لەوە کردەوە: وردە وردە لە ڕۆژانی موحەڕەم و سەفەر نزیک دەبینەوە و ئامادەکارییەکان بۆ ئەم ڕێوڕەسمە، لەوانە دابینکردنی ئاو و سەهۆڵ و پێداویستییەکانی دیکە دەبێت لە ئێستاوە دەست پێبکات. چونکە لە ڕۆژانی کۆتاییدا جێبەجێکردنی ئەرکەکان قورس دەبێت.
ناوبراو وێڕای دەستخۆشییکردن لە هێزە چەکدارەکانی ئێران، وتی: ئاسایشی ڕێوڕەسمی ئەربەعین بە هۆی هەوڵی ئەو هێزانەیە و بە بێ پشتیوانی ئەوان هەماهەنگی کارەکان زۆر زەحمەت دەبوو. خەڵک لە ژێر سێبەری ئەم کارانەدا بە ئاسایش و ئاشتییەکی تەواوەوە سەفەر دەکەن.
ئەو بەرپرسە ئێرانییە جەختیکردەوە کە پێویستە بابەتەکانی پەیوەست بە تەندرووستی زیارەتکاران کارێکی لەپێشینە بێت.
جێگری وەزیری ئێران سەبارەت به هاوڵاتییانی پاکستان و نیگەرانی حکومەتی عێراق ڕایگەیاند: مانگی داهاتوو کۆبوونەوەیەکی هاوبەش لە پارێزگای مەشهەد بە بەشداری وەزیرانی ناوخۆی ئێران و پاکستان و عێراق بەڕێوەدەچێت بۆ تاوتوێکردنی گواستنەوەی زیارەتکارانی پاکستانی.
ناوبراو لە درێژەدا ڕایگەیاند: هیچ کۆتوبەندێک بۆ هاتوچۆی هاووڵاتییانی ئەفغانی دانیشتووی ئێران نییە و ڕێوشوێنی پێویست بۆ زیارەتکارانی ئەفغانی و پاکستانی گیراوەتەبەر کە ڕاستەوخۆ لە وڵاتەکانیانەوە دێنە ئێران، بۆ ئەوەی ڕووبەڕووی هیچ کێشەیەک نەبنەوە.
پورجەمشیدیان ئاماژەی بەوەدا کە سەرجەم خزمەتگوزارییەکانی وەزارەتی میراتی کەلتووری بۆ زیارەتکاران لە سەر شەش ڕێگای سەرەکی کەربەلا دابین دەکرێت، بۆ ئەوەی بتوانرێت زۆرترین سوود لەم ژێرخانانە وەربگیرێت.
ناوبراو سەبارەت بە سنوری تەمەن بۆ زیارەتکاران ڕایگەیاند: دەبێت بە پێی ڕێنماییەکانی وەزارەتی تەندرووستی سنوری تەمەنی سەروو 75 ساڵ جێبەجێ بکرێت بۆ ڕێگریکردن لە ئەگەری نەخۆشی.
جێگری وەزیری ناوخۆی ئێران وتی: بۆ دابینکردنی خزمەتگوزاری پزیشکی، دامەزراندنی حەوت نەخۆشخانەی گەڕۆک پلانی بۆ دانراوە. شەش نەخۆشخانه له سنوری ئێران و یەک نەخۆشخانه له ناو عێراقدا. ئەم توانایە لە گەڵ سەنتەری تەندرووستی جێگیر، پاڵپشتی تەندرووستی زیارەتکاران دەکات.
ناوبراو ئاماژەی بە هاوکاری لە گەڵ حکومەتی عێراق دا و ڕایگەیاند: عێراق ئەمساڵ ڕووبەڕووی هیچ کێشەیەکی تایبەت نابێتەوە لە بواری گواستنەوەدا و ئەگەر پێویست بکات هاوکاری زیاتر لە گەڵ ئێران دەکات./.