بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا بڕیاری حکومەتی عێراق بۆ ڕاگرتنی هاوردەکردنی شووتی و میوەی هاوینەی دیکە لە ئێرانەوە کاردانەوەی بەرفراوانی چالاکانی کشتووکاڵی و دەزگاکانی ڕاگەیاندنی هەر دوو وڵاتەی لێکەوتەوە.
بەرپرسانی عێراقی ڕایانگەیاندووە کە ئەم قەدەغەکردنی هاوردەکردنە بە ئامانجی بەهێزکردنی بەرهەمهێنەرانی ناوخۆی وڵاتەوە بووە.
لە ساڵانی ڕابردوودا عێراق هەوڵی داوە پشکی بازاڕی ناوخۆیی خۆی لە بەرژەوەندی بەرهەمهێنەرانی ناوخۆدا بپارێزێت بە سەپاندنی سنوردارکردنی هاوشێوە بۆ هاوردەکردنی تەماتە و خەیار و پەتاتە و بەرهەمەکانی دیکە.
هەندێک سەرچاوەی نافەرمی ئاماژە بە لایەنی سیاسی و کێبڕکێی ئەم بڕیارە دەکەن. لە ڕوانگەی ئەوانەوە عێراق هەوڵ دەدات پشتبەستنی بە هاوردەی کشتووکاڵی کەم بکاتەوە و کارلێکی بازرگانی لە گەڵ وڵاتانی دیکە (لەوانەش تورکیا و ئوردن) بە کەڵک وەرگرتن لە ئامرازە بازرگانییەکان زیاد بکات.
ئەو هەناردەکردنانەی کە پێویستە ڕێک بخرێت
ئێران ساڵانە بڕێکی بەرچاو لە بەرهەمی هاوینە هەناردەی عێراق دەکات. بە پێی ئامارە فەرمییەکان ساڵانە زیاتر لە ٧٠٠ هەزار تۆن شووتی لە ئێرانەوە هەناردەی عێراق دەکرێت کە بەشێکی زۆری لە پارێزگاکانی خوزستان، کرمان، بوشێهر و فارسەوە بووە.
ئەم هەناردەکردنە ساڵانە لە نێوان ١٢٠ بۆ ١٥٠ ملیۆن دۆلار داهاتی بە دراوی بیانی بۆ ئێران هەبووە.
ئێستا کە ئەم ڕێگایە گیراوە، بەشێکی زۆر لە بەرهەمی جووتیاران مەترسییان لەسەرە. پێویستە حکومەت بەدواداچوون و چالاککردنی ڕێگاکانی هەناردەکردنی جێگرەوە بۆ وڵاتانی دیکە، وەک وڵاتانی کەنداوی فارس، ئاسیای ناوەڕاست یان تەنانەت ڕووسیا بکات.
بەهێزکردنی دیپلۆماسی ئابوری
شارەزایان پێیان وایە لە دۆخێکدا کە بازاڕە تەقلیدییەکان سنوردارە، نەبوونی ڕێککەوتنی درێژخایەن، ژێرخانی گواستنەوەی متمانەپێکراو و نەبوونی هەماهەنگی لە نێوان دامەزراوە بەرپرسیارەکان، لە هەناردەکردنی بەرهەمە کشتوکاڵییە ئێرانییەکان ڕووبەڕووی ئاستەنگیی جیددی بووەتەوە.
بۆیە بەهێزکردنی ڕاوێژکاری ئابوری لە گەڵ وڵاتانی دراوسێ و درووستکردنی هاندان بۆ هەناردەکردن و پەرەپێدانی براندکردنی بەرهەمە ئێرانییەکان لە بازاڕەکانی ناوچەکەدا لەو چارەسەرانەن کە دەتوانن یارمەتیدەر بن بۆ سەقامگیرکردنی هەناردەکردن.
ئاسۆی لەبەرچاو
وەستانی هاوردەکردنی شوتی لە عێراقەوە تەنیا یەکێکە لە نیشانەکانی ڕەوتێکی ئاڵۆزتر کە ڕەنگە لە داهاتوودا بۆ بەرهەمەکانی دیکەش بگوازرێتەوە.
ئەگەر ئێران نەتوانێت بە پلانی ورد و هەمەچەشنکردنی بازاڕەکانی هەناردەکردن و پەرەپێدانی پەیوەندییە بازرگانییە بەردەوامەکان ئەم ڕەوتە تێپەڕێنێت، ئەوا جووتیاران باجی سیاسەتە ئابورییە ناسەقامگیرەکان تەنانەت زیاتر لە پێشووتر دەدەن./.