بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، لە پێشهاتێکی بەرچاودا، داعش ئۆپەراسیۆنێکی دژی ئەوەی ناوی لێنابوو “ڕژێمی لادەرانەی جۆلانی” ئەنجام دا. خاڵە گرنگەکە ئەوە بوو کە ئۆپەراسیۆنەکەی داعش لە ئیدلب ئەنجامدرا کە جۆلانی لە ساڵی ٢٠١٥ەوە حوکمڕانی دەکات و بە “قەڵایەک” بۆ ئەو یا (دەستەی تەحریر ئەلشام) بەحیساب دێت.
هەرچەندە داعش پێشتر چەندین ئۆپەراسیۆنی دژی جۆلانی ئەنجامداوە، بەڵام ئەمە یەکەمجارە ڕاستەوخۆ جۆلانی و تەحریر شام بکاتە ئامانج.
داعش، بە بڵاوکردنەوەی پەیامێک لە ژێر ناوی “سەربازانی خەلافەت لە شام هێرش دەکەنە سەر ڕژێمی لادەر لە ئیدلەب”، نیشانیدا کە لەمەودوا دەبێت شایەتحاڵی گۆڕانکارییەکی چۆنایەتی بین لە ڕەوتی ڕووبەڕووبوونەوەکانی نێوان لایەنەکاندا.
بۆچی داعش بڕیاریدا بەرەیەک لە دژی جۆلانی بکاتەوە؟
هەرچەندە پێشتر ئەم بۆچوونە هەبووە، بەڵام دوای پێشهاتەکانی جۆلانی چڕتر بووەتەوە، کاتێک هاتە سەر دەسەڵات و گۆڕانکاریی پێکهاتەیی لە تەحریر شامدا کرد، بەتایبەتی دامەزراندنی دادگای مەدەنی لەبری دادگای موفتی و شێخەکانی سەلەفی و هەوڵدان بۆ ناساندنی گروپەکەی وەک گروپێکی میانڕەو کە ئامادەیە بۆ قسەکردن لە گەڵ ڕۆژئاوا و تێکەڵبوون بە هاوکێشە سیاسییە ناوچەییەکان.
هەرچەندە داعش لەم ساڵانەی دواییدا لاواز بووە و بنکە تەقلیدییەکانی لە بیابانەکانی سوریا لەدەستداوە، بەڵام ئێستا بەم ئۆپەراسیۆنە پەیامێک بۆ لایەنە جیاوازەکان دەنێرێت کە هێشتا “زیندووە” و تەنانەت توانای چالاکی لە قەڵای تەحریر شام هەیە.
سەرهەڵدانەوەی داعش گورزێکە لە دەزگای ئەمنیی جۆلانی
لە ساڵی ٢٠١٧ەوە تەحریر شام هەوڵی زۆری داوە بۆ نەهێشتنی شانەکانی داعش لە ئیدلب و توانیویەتی ژمارەیەک لە سەرکردە ناوخۆییەکانی دەستگیر بکات یان بیانکوژێت. گرنگی ئەم هێرشانە بۆ تەحریر شام بە جۆرێک بوو کە جۆلانی بە شێوەیەکی شەخسی سەرپەرشتی دەکرد.
بەڵام ئەمڕۆ سەرهەڵدانەوەی شانەکانی داعش بۆشاییە ئەمنییە مەترسیدارەکان لە تەحریر شام ئاشکرا دەکات و ئەوە دەردەخات کە ڕەنگە ئەم گرووپە لە سەرکوتکردنی دەستبەجێی شانەکانی داعش سەرکەوتوو بێت، بەڵام داعش هێشتا لەوێیە و چاوەڕێی دەرفەتێکە بۆ لێدانی جۆلانی بەتایبەت لە ئیدلب. بەتایبەت کە لە دوای حکومەتی جۆلانی سەریهەڵداوەتەوە و کەشی مانەوەی بۆ درووست بووە.
ئەم هێرشە دەتوانێت گوزارشت لە تێڕوانینی گرووپە چەکدارەکانیش بکات کە جۆلانی ناتوانێت هەموویان لەخۆبگرێت و ناڕازیبوونی بەربڵاو لە دەزگا ئەمنییەکانی، بەستێنی یاخیبوون و جیابوونەوە لە جۆلانی و تەحریر شام دەخوڵقێنێت.
ئایا کەسێک لە ئیدلب پەیوەندی بە داعشەوە دەکات؟
سەرەڕای شکستە گەورەکەی داعش لە عێراق و سوریا، هێشتا بانگەوازێکی فیکری و ڕێکخراوەیی بۆ بەشێک لە سەلەفی تەکفیرییەکان هەیە، بەتایبەتی ئەوانەی پێیان وایە گرووپەکانی وەک تەحریر شام یان “سوپای نیشتمانی” لە پرەنسیپە جیهادییەکان لایانداوە (جیهاد لە ڕوانگەی ئەو گروپانەوە) یان بوونەتە بریکاری زلهێزە ناوچەیی و جیهانییەکان.
بۆیە ئەگەری ئەوە هەیە کە ڕزگاربووانی گرووپە چەکدارەکان بەتایبەتی بیانییەکان و ئەوانەی کە لە حکومەتی جۆلانیدا فڕێدراون، بچنە نێو داعش و شانەکانییەوە.
هەستی پەراوێزخستن و وازهێنان، داعش دەکاتە پەناگەیەک بۆ ئەم خەڵکە بۆ تۆڵەسەندنەوە لە جۆلانی یان درێژەدان بە سەفەرەکەیان.
“خەلافەتی سێبەر”ی داعش لە ئیدلب
پێشبینی ناکرێت داعش وەکوو ساڵی 2014 هێزی خۆی وەربگرێتەوە و بتوانێت دەست بەسەر خاکدا بگرێت، بەڵام دەتوانێت مۆدێلی “خەلافەتی سێبەر” جێبەجێ بکات، کە پێکهاتەیەکی لامەرکەزییە لە سەر بنەمای شانە بچووکەکان کە بە نهێنی کاردەکەن و بە کەرەستەی سادەی وەک تەقەمەنی و تیرۆر و بۆسەدان جۆڵانی بکەنە ئامانج.
ئەم مۆدێلە پێشتر لە ناوچەکانی وەک دێرەزوور و بیابانی سوریا کاری کردبوو و ئێستا داعش هەوڵی جێبەجێکردنی دەدات لە ئیدلەب.
ڕاپۆرتەکانی ئەم دواییە ئاماژە بەوە دەکەن کە داعش ڕێبازی خۆی لە “سەرکەوتنی خێرا”وە بۆ “خۆگرتن” و “ماندووکردن”ی تەحریر شام گۆڕیوە. داعش لەبری پێکدادانی ڕاستەوخۆ و بەربڵاو لە گەڵ جۆلانی، هەوڵدەدات ئیدلب بکاتە گۆڕەپانی شەڕ بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ناوخۆیی لە ناو تەحریر شام و لەجیاوازییەکانی نێو گروپەکانی کەڵک وەربگرێت.
جۆلانی لە دووفاقی پاراستنی شەرعییەت و ڕووبەڕووبوونەوەی دوژمنانی ئایدیۆلۆژیدا
ئەمڕۆ جۆلانی خۆی لە دۆخێکی زۆر سەختدا دەبینێتەوە. لە لایەک دەیەوێت وێنەیەکی بەهێزی خۆی بخاتەڕوو، بەتایبەتی لە ئیدلب، لە هەمان کاتدا ڕووبەڕووی تەحەددای سیاسی و فشاری تورکیا و ناکۆکی نێوان گرووپەکان دەبێتەوە و لە لایەکی دیکەشەوە ڕووبەڕووی دوژمنێک دەبێتەوە کە هیچ هێڵێکی سوور ناناسێت.
ئەو شەرعییەتەی کە جۆلانی هەوڵی بەدەستهێنانی دەدات لە ڕێگەی حکومەتە ڕاگوزەرەکە و دەسەڵاتی دادوەری و سوپای نوێی خۆیەوە، ئێستا بووەتە ئامانجی ڕاستەوخۆی هێرشەکانی داعش و ناچاری دەکات لە نێوان سەرکووتکردنی ئەمنی و تەقینەوە ناوخۆییەکانی ناو گرووپە چەکدارەکان هەڵبژێرێت.
ڕووبەڕووبوونەوەکان بەرەو کوێ دەڕۆن؟
داتاکان دەریدەخەن کە دۆخەکە پەرەدەستێنێت و پێدەچێت لە شێوەی ئۆپەراسیۆنی پەرشوبڵاو یان تیرۆرکردنی ئامانجداردا بێت، نەک ڕووبەڕووبوونەوەی ئاشکرا و بەرفراوان. ئەگەر جۆلانی نەتوانێت بۆشاییە ئەمنییەکان پڕبکاتەوە، ئەوا ئەم ڕووبەڕووبوونەوانە دەبنە شتێکی خراپ.
لە گەڵ ئاڵۆزبوونی دیمەنی ناوچەیی و دووری مانەوەی ئیدلب لە ڕێککەوتنێکی سیاسی گشتگیر، گرووپەکانی وەک داعش ئەم بۆشاییە بۆ هەڵوەشاندنەوەی هاوپەیمانییەکان و درووستکردنی هاوپەیمانی نوێ، هەروەها ناڕازیبوونی گشتی بەرامبەر بە جۆلانی دەقۆزنەوە. لە کۆتاییدا دەڵێین ڕووبەڕووبوونەوەی نێوان جۆلانی و داعش تەنیا ڕووبەڕووبوونەوەی دوو گرووپ نییە. بەڵکوو ڕووبەڕووبوونەوەی دوو پلانی جیاوازە بۆ حوکمڕانی و کارلێککردن لە گەڵ جیهان و ئەگەر دۆخی ئیدلب لە بنەڕەتدا چارەسەر نەکرێت، دەکرێت جارێکی دیکە ببێتە دیمەنی ئاژاوەگێڕی فرەلایەن./.