بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، گۆڤاری ئکۆنۆمیست لە ڕاپۆرتێکدا ئەم هەواڵەی بڵاوکردەوە و نووسیویەتی: مەردخای مەمان، زایۆنیستێکی تەمەن حەفتا ساڵایە کە بە “مۆتی” ناسراوە، خووی بە شکست گرتبوو. ساڵانێک لەمەوبەر هاوسەرگیرییەکەی شکستی هێنابوو، کارە جۆراوجۆرەکانی یەک لە دوای یەک شکستیان هێنابوو و بەردەوام تووشی کێشەی دارایی دەبوو.
بەڵام لە سەرەتای ساڵی 2024 دا، تیشکێکی هیوا لە ژیانیدا دەرکەوت: چوار منداڵە گەورەکەی ڕێگەی خۆیان لە ژیاندا دۆزیبووەوە، دوو هاوبەشی بازرگانی نوێی دۆزیبووەوە و عاشقی ژنێکی خەڵکی بێلاڕوس بووبوو. خۆشەویستی دەتوانێت وا لە مرۆڤ بکات کارێک بکات کە لە عەقڵ دوور بێت. لە دۆسیەی مەماندا حەزی دڵخۆشکردنی خۆشەویستەکەی وای لێکرد خیانەت لە ئیسرائیل بکات. ساڵانێک بە نیشتمانپەروەرێک ناسرابوو کە عاشقی بنیامین نتانیاهۆ سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل بوو. ئەو بە ئاشکرا بۆچوونی ڕاستڕەوی و دژە عەرەبی خۆی لە فەیسبووک بڵاودەکردەوە. بەڵام خێزان و هاوڕێکانی تووشی شۆک بوون کاتێک زانیان مەمان سیخوڕی بۆ دوژمنی سوێندخواردووی ئیسرائیل دەکات کە کۆماری ئیسلامی ئێرانە.
بەپێی ڕاپۆرتێکی ڕێکخراوی شین بێت (دەزگای ئاسایشی ناوخۆی ئیسرائیل)، مەمان یەکێکە لەو 39 زایۆنیستەی لە ماوەی یەک ساڵی ڕابردوودا بە تۆمەتی سیخوڕیکردن بۆ ئێران دەستگیرکراون. بەرپرسێکی ئەو خزمەتگوزاریە ڕایگەیاند کە لە کۆتایی ساڵی 2022ـەوه تا ئێستا ئێرانییەکان توانیویانە سەدان هاوڵاتی ئیسرائیلی وەربگرن.
ئەم کەسانە کە لە ڕێگەی سۆشیال میدیا یان لە کاتی گەشتکردن بۆ تورکیا و ئازەربایجان دامەزراون، لە پاشخانی جۆراوجۆرەوە هاتوون: جولەکە و عەرەب، ئایینی و سۆکۆلار، گەنج و پیر، ژن و پیاو.
سیخوڕی هەمیشە جێگەی شانازی ئیسرائیل بووە. هەندێک زیادبوونی ئامادەیی خیانەتکردن لە نێو زایۆنیستەکان بە نیشانەی بێهیوایی قووڵی کۆمەڵایەتی دەزانن.
بەرپرسانی ئەمنی ڕژێمی زایۆنیستی نیگەرانن. بەرپرسێکی پێشووی کۆمپانیای شین بێت ڕایگەیاندووە: پێویستە کەسانی دیکە لە هاوکاریکردن لە گەڵ دوژمنەکانمان بوەستێنین پێش ئەوەی ببێتە پەتایەکی نیشتمانی.
لە مانگی تشرینی دووەمی ساڵی 2024، مەمان دانی بە تاوانەکەیدا نا. دادگا سزای شەش ساڵ زیندانی بەسەردا سەپاند. دادوەرەکە ڕایگەیاند: ئەم کەیسە ئەوە پیشان دەدات کە چۆن کەسێک کە پاڵنەری کەسی و تەماحی دارایی هەیە، دەتوانێت بە خێرایی بکەوێتە هاوکاری لە گەڵ دوژمن.
شین بێت بانگەشەی ئەوە دەکات کە مەمان تەنیا نییە. لە یەک ساڵی ڕابردوودا ژمارەی ئەو کەسانەی کە سیخوڕییان بۆ ئێران کردووە، بێ وێنە بووە. هەندێکیان پاڵنەرێکی داراییان هەبووە؛ هەندێکی تر توڕەیی لە حکومەتی ئیسرائیل یان هاوسۆزییان بۆ فەڵەستینییەکان وەک بیانوویەک هێناوەتەوە. بەرپرسێکی دەزگای شین بێت ڕایگەیاند: ئێمە لەبەردەم دیاردەیەکداین کە ئەگەر کۆنترۆڵ نەکرێت، دەتوانێت ببێتە هەڕەشە بۆ سەر ئاسایشی نیشتمانی.
لە نێو ئەم سیخوڕانەدا کەسانێک هەن کە لە پاشخانی جۆراوجۆرەوە هاتوون: عەرەبی ئیسرائیلی، کۆچبەرە جولەکەکانی یەکێتی سۆڤییەتی پێشوو و تەنانەت جولەکەکانی سەروو ئایینی. هەندێکیان وەک مەمان، دۆڕاوی تەنیا و لاواز بوون کە بە بەڵێنی پارە یان وروژاندن ڕاکێشراون. هەندێکی تر بە تەواوی دەیانزانی کە بۆ کێ کار دەکەن. ئێران لە مێژە ئۆپەراسیۆنە هەواڵگرییەکانی خۆی لە ڕێگەی وڵاتانی سێهەمەوە بە تایبەتی تورکیا و کۆماری ئازەربایجان بەڕێوە دەبات. زۆرجار خزمەتگوزارییە ئەمنییەکانی ئەم وڵاتانە یان پشتگوێی دەخەن یان خۆیان تێوەگلاون. لە یەکێک لە کەیسەکاندا ژنێکی ئیسرائیلی – ڕووسی لە کۆماری ئازەربایجان لە کاتی کۆکردنەوەی زانیاری هەواڵگری بۆ ئێران دەستگیرکرا.
لە لێکۆڵینەوەکانیدا دەرکەوتووە کە لە ڕێگەی ئەکاونتێکی ساختەی تێلێگرامەوە دامەزراوە و پێیوابووە لە گەڵ بازرگانێکی ئیماراتی کاردەکات./.