بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، نادر نەورۆزی وتی: نازناوی “پایتەختی ڕۆشنبیری شارەکانی ئاسیا” دەرفەتێکی بەنرخە بۆ ناساندنی توانا ڕۆشنبیری، مێژوویی و گەشتیارییەکانی شاری کرماشان لە سەر ئاستی نێودەوڵەتی و بۆ پاراستنی ئەم نازناوە، دەبێت بە درێژایی ساڵ بەرنامەی ڕۆشنبیری درێژخایەن بەڕێوە بچێت.
ناوبراو بە ئاماژەدان بەوەی کە یەکێک لەو بەرنامانە بەڕێوەچوونی فێستیڤاڵە بە ڕوانگەیەکی فرەلایەنە، وتی: بەڕێوەچوونی ئەم فێستیڤاڵانە، وێڕای ناساندنی دەوڵەمەندی ڕۆشنبیریی کرماشان، ڕۆڵێکی گرنگ لە کارلێکە ڕۆشنبیرییە نێودەوڵەتییەکان دەگێڕێت.
نەورۆزی بە ئاماژەدان بە ناساندنی کرماشان وەک پایتەختی ڕۆشنبیری شارەکانی ئاسیا، شانبەشانی شارەکانی وەک ئیسفەهان وەک (پایتەختی گەشتیاری) و ئەنتاڵیای تورکیا وەک (پایتەختی ژینگەیی) وتی: ئەم هەڵبژاردنە بەرپرسیارێتییەکی قورسی خستۆتە ئەستۆی شارەکەمان بۆ پاراستنی پێگەی خۆی بە جێبەجێکردنی بەرنامەی گونجاو.
سەرۆک شارەوانی کرماشان بە ڕوونکردنەوەی وردەکارییەکانی ئەم بۆنەیە وتی: فێستیڤاڵەکە لە شوێنی جۆراوجۆر وەک هۆتێل پارسیان، تەکیەی موعاون ئەلمولک، تەکیەی بیگلەربەیگی، کاروانسەرای بێستوون، و شوێنی مێژوویی تاقوەسان بەڕێوەدەچێت و بەرنامەی جۆراوجۆری ڕۆشنبیری و چەندین ڕێوڕەسم لەخۆدەگرێت.
ناوبراو لە درێژەی قسەکانیدا وتی: لە یەکەم ڕۆژی فێستیڤاڵەکەدا ٨ی حوزەیران، میوانە بیانییەکان دەچنە ناو شارەکەوە و دوای نیشتەجێبوونیان، بەرنامەیەکی تایبەتی ڕۆشنبیری لە ناوچەی مێژوویی تاقوەسان بەڕێوەدەچێت.
نەورۆزی ڕایگەیاند: ڕۆژی دووەم ٩ی حوزەیران کە بە ڕۆژی سەرەکی فێستیڤاڵەکە دادەنرێت، تایبەتە بە سەردانی شوێنە مێژووییەکانی شارەکە؛ لەم سەردانانەدا کە لە بەیانییەوە تا ئێوارە بەردەوام دەبێت، میوانانی بیانی و بەرپرسانی پارێزگا سەردانی شوێنە مێژووییە جۆراوجۆرەکانی کرماشان دەکەن و بەرنامەی هونەری پێشکەش دەکرێت.
سەرۆک شارەوانی کرماشان بە ئاماژە بە ئامادەبوونی میوانانی نێودەوڵەتی لەو چالاکییەدا وتی: کەسایەتییەکانی وەک باڵیۆزی ئۆزبەکستان، بەرپرسی کاروباری باڵیۆزخانەی سریلانکا، کونسوڵی گشتی مەنگۆلیا، باڵیۆزی بەنگلادیش، باڵیۆزی برۆنئی، جێگری بەڕێوەبەری گشتی ڕێکخراوی هاوکاری ئابوری ئیکۆ، ڕاوێژکاری ڕۆشنبیریی تاجیکستان و ژمارەیەک دیپلۆماتکار و بەرپرسی ڕۆشنبیری دیکە لە فێستیڤاڵەکەدا ئامادە دەبن./.