بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، عەلی ئەلعیماد، ئەندامی مەکتەبی سیاسی بزوتنەوەی ئەنساروڵڵای یەمەن لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ بەرنامەی “بەرەو ئاسۆی یەمەن”ی کەناڵی ئەلعالەم سەبارەت بە بەردەوامیدانی یەمەن بە پشتیوانیکردنی پرسی فەڵەستین سەرەڕای هەموو ئاستەنگە دەرەکییەکان، وتی: لە ڕاستیدا بۆ تێگەیشتن لە هەڵوێستی یەمەن، پێویستە سەرەتا ئەو لاوازییانە لەبەرچاو بگرین کە لە دۆخی گشتی جیهانی عەرەبی و ئیسلامیدا سەریان هەڵداوە. هەڵوێستی یەمەن پەیوەستە بە کەلتور و تێڕوانین و ستراتیژ و سەرکردایەتییەکی درەوشاوە و بۆ ئەوەی بە شێوەیەکی درووست لە ڕاستی تێبگەین و هەڵسەنگاندنی بۆ بکرێت، دەبێت لەم گۆشەنیگایەوە سەیری بکرێت. بە بێ ئەم تێگەیشتنە، ڕەنگە هەندێک پێیانوابێت کە ئەم هەڵوێستەی یەمەن کاتییە یان سۆزدارییە، یان تەنیا پشتیوانییەکی کاتییە لە سەر بنەمای تەحەددیاتی ئێستا یان پرسە ڕووکەشەکان.
ناوبراو وتی: هەڵوێستی یەمەنییەکان دەرئەنجامی بزوتنەوەیەکی چرکەساتی نییە، بەڵکوو بەستراوەتەوە بە کەلتوور و پڕۆژەیەکی ڕەگداکوتاوی قووڵەوە، ئەگەر سەیری مۆدێلەکانی بایکۆتکردنی ڕژێمی زایۆنیستی بکەین، تێدەگەین کە یەمەنییەکان نزیکەی چارەک سەدەیەکە داوای دەکەن. ئەمەش ئەوە دەردەخات کە هەڵوێستیان پەیوەستە بە پلانێکی قورئانی و هاوارێک بۆ دادپەروەری، پلانێک کە توانیویەتی هۆشیاری بەکۆمەڵ لە کۆمەڵگادا درووست بکات.
ئەلعیماد وتی: ئەمڕۆ یەمەن لە نەتەوەیەک پێکهاتووە کە بە شێوەیەکی هەڕەمەکی و سۆزداری مامەڵە ناکات، بەڵکوو کارەکانی بەرهەمی مێژوویەکی دوور و درێژی خەباتە. لە ڕابردوودا بە هۆی حوکمڕانی ڕژێمە وابەستەکان لە یەمەن، زۆرێک لە یەمەنییەکان بە هۆی هەڵوێستە دژە ئەمریکییەکانیانەوە زیندانی دەکران و بیست ساڵ لەمەوبەریش لە سەر دروشمەکانیان سزا دەدران. ئەم پەیوەندییە بە سەرکردایەتی ئیلاهی و پڕۆژەیەکی ناسنامەی ڕوون، هەڵوێستی یەمەنی یەکگرتوو و ڕەگداکوتاوی کردووە.
ئەو ئەندامەی مەکتەبی سیاسی بزوتنەوەی ئەنساروڵڵا جەختی لەوە کردەوە کە تاک و گروپ و خەڵکی ژێر و هەندێک ڕژێم دەبێت بە هەڵوێستەکانیاندا بچنەوە و بە گەڕانەوە بۆ ناسنامەی ڕاستەقینە و باوەڕپێکراوی خۆیان، پلانی قورئانی و پابەندبوون بە بەهاکانی قورئانی پیرۆز، هەوڵبدەن بۆ ئەوەی بەشێک بن لەم پێگەیەی یەمەنی بەڕێز.
ناوبراو وتی: هەڵوێستی ئەمڕۆی یەمەنییەکان مەترسییەکی گەورەیە بۆ سەر ئەمریکا و ڕژێمی زایۆنیستی و ئەوانیش بە باشی ئاگاداری ئەم بابەتەن./.