بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، مارکوس پوتسێل، لە کۆبوونەوەی لە گەڵ سەمەد حەسەنزادە، سەرۆکی ژووری بازرگانی ئێران ڕایگەیاند: بێگومان سزاکان بەربەستێکن لە بەردەم بازرگانی و گەشبینین بەوەی دانوستانەکانی نێوان ئێران و ئەمریکا لە زووترین کاتدا بگاتە ئەنجامێکی باش.
ناوبراو هیوادارە کە ڕۆژێک لە ڕۆژان دانوستانەکانی نێوان ئێران و ئەمریکا ڕاستەوخۆ بەڕێوە بچێت و لە ئەنجامدا سزاکان لاببرێن.
باڵیۆزی ئەڵمانیا لە تاران ڕایگەیاند: توانای ئابوریی بەرچاو لە ئێران لە بوارەکانی کانگا، پیشەسازی و کشتوکاڵدا هەیە و ئێران لە ڕووی بوونی توانا و سەرچاوەی جۆراوجۆرەوە لە ڕیزی 10 وڵاتی گەورەتری جیهان ناسراوە، جگە لە سەرچاوە سرووشتییەکان ئاستی زانیاری و زیرەکی خەڵکی ئێرانیش زۆر بەرزە.
ناوبراو ئاماژەی بە پێشانگای کشتوکاڵی خۆراک و ئامادەبوونی چەندین کۆمپانیای ئەڵمانیا لەو چالاکییەدا کرد و بە لەبەرچاوگرتنی پەرەسەندنی پیشەسازی خۆراک لە ئێران، ئەم پیشەسازییەی وەک بوارێکی گونجاو بۆ زیادکردنی هاوکارییەکان ناو برد.
توانا ئابورییەکانی ئێران بنەمایەکی باشن بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییە دووقۆڵییەکان
لەو کۆبوونەوەدا حەسەنزادە خۆشحاڵی خۆیی بە بۆچوونە ئەرێنییەکانی باڵیۆزی ئەڵمانیا سەبارەت بە پتەوکردنی پەیوەندییەکانی نێوان هەر دوو وڵات دەربڕی و وتی: توانا ئابورییەکانی ئێران بنەمایەکی باشن بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوان هەر دوو وڵات. هەروەها وەزارەتی کاروباری ئابوری و دارایی چوارچێوەی پێویستی بۆ ڕاکێشانی وەبەرهێنانی بیانی و ڕەچاوکردنی گەرەنتی پێویست دیاری کردووە؛ بۆیە ئێمە بە باشی ئامادەین بۆ ڕاکێشانی سەرمایەی بیانی.
ناوبراو ئاماژەی بە پێگەی دیار و بەرچاوی ئەڵمانیا لە بواری پیشەسازیدا کرد و وتی: یەکەمین ئامێر و کەرەستەی پیشەسازی کە لە زۆربەی کارگە و پیشەسازییەکانی ئێراندا دانرا، لەوانە پیشەسازیی ئامێرسازی، درووستکردنی تراکتۆر، ئۆتۆمبێل، خۆراک و هتد، لە ئەڵمانیاوە هاوردە کراون و پێویستمان بە مۆدێڕنکردن و نوێکردنەوەی ئەم ئامێرانە هەیە.
حەسەنزادە جەختی لە سەر پێویستی بەرزکردنەوەی ئاستی تەکنۆلۆژیا لە پیشەسازییەکانی ئێران کردەوە بۆ ئەوەی بەرهەمە ئێرانیەکان زیاتر کێبڕکێ بکەن و ڕایگەیاند: لە ئێستادا کوالیتی بەرهەمی ئێرانی بەجۆرێکە کە توانای دابینکردنیان هەیە بۆ بازاڕی ئەورووپا، بەڵام زیادکردنی ئەم کێبڕکێیە پەیوەستە بە مۆدێرنیزەکردنی پیشەسازییەکان.
سەرۆکی ژووری بازرگانی، پیشەسازی، کانگا و کشتووکاڵیی ئێران بە لەبەرچاوگرتنی بەرژەوەندی چالاکانی ئابوریی ئێران و ئەڵمانیا لە فراوانکردنی هاوکاری هاوبەش لە گەڵ یەکتر، سنوردارکردنی سزاکان و کێشەکانی بواری ئاڵوگۆڕی دارایی وەک بەربەستی گرنگ لە بەردەم فراوانکردنی ئەم هاوکارییە باس کرد و وتی: هەوڵەکان بۆ هەڵگرتنی گەمارۆکان بنەمای پێویست بۆ مۆدێڕنیزاسیۆنی پیشەسازیش دابین دەکات.
ناوبراو ئاشتیی بە پێویستی خەڵکی ئەمڕۆی جیهان زانی و وتی: حکومەتەکان دەبێت بە ئاراستەیەکدا هەنگاو بنێن کە هەموو مرۆڤەکان بتوانن بە باشترین شێوە سوود لە تواناکانی خۆیان و یەکتر وەربگرن. بەرهەم و خزمەتگوزارییەکانی ئێران دەتوانن لە ئەورووپا بازاڕێکی باش بەدەست بهێنن و لەم ڕووەوە پێشبینی دەکرێت ڕێگا بۆ فراوانبوونی ئاڵوگۆڕی دوولایەنە ئامادە بکرێت./.